سەردێڕ:

عێراق چارەنوسی کۆچبەرانی نێوان لیتوانیا و بیلاروسیای یەکلایی کردەوە

PM:03:33:18/12/2021

11032 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، ئەو کۆچبەرانەی کە لە سنووری لیتوانیا و بێلاڕوسیا گیریان خواردووە، دەگوازرێنەوە کۆمەڵگە نشینگەکان لە شاری ڤیلینۆسی پایتەختی لیتوانیا.


ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی کۆچبەرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، شاندێکی حکومەتی عێراق بە ئامانجی ئاگاداربوون لە رەوشی ئەو کۆچبەرانەی کە لە سنووری لیتوانیا و بێلاڕووس گیریان خواردووە گەیشتنە وڵاتی لیتوانیا.
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، شاندی حکومەتی عێراق لەگەڵ شاندی حکومەتی لیتوانیا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە سنووری لیتوانیا و بێلاڕووس گیریان خواردووە، بگوازرێنەوە کۆمەڵگە نشینگەکان لە شاری ڤیلینۆس پایتەختی لیتوانیا.
ھەربەگوێرەی راگەیەنراوەکە، ئەو بڕە پارەیەی کە حکوومەتی لیتوانیا بە ئامانجی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە دەدرێت بە کۆچبەران لە ٣٠٠ یۆرۆە زیاد کراوە بۆ ھەزار یۆرۆ. دەشڵێت، "شاندەکەی حکومەتی عێراق سەردانی دوو کەمپی لە سنووری لیتوانیا کردووە ئەوەش بە ئامانجی ئاگاداربوون لە رەوشی کۆچبەران".
ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی تشرینی دووەمی رابردووەوە ژمارەیەک کۆچبەر بە مەبەستی گەیشتن بە وڵاتانی ئەورووپا لەسەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریان خواردووە و لەلایەن پۆلیسی پۆڵەنداوە رێگەی چوون بەرەو ئەورووپایان لێ گیراوە.
دوێنێ ھەینی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق راگەیاند، تا ئێستا ١٠ گەشتی ئاسمانی بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەران لە فڕۆکەخانەی منیسک بۆ فڕۆکەخانەکانی ھەولێر و بەغدا ئەنجامدراوە و تائێستا سێ ھەزار و ٨١٧ کۆچبەر لە بێلاڕووسەوە بە ئارەزووی خۆیان گەڕاونەتەوە.
گەشتە ئاسمانییەکان بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران لە ١٨ی مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، دەستی پێ کردووە.












گەلەری