وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، بەپێی رێنماییەکانی وەزارەت پێویستە پارەی ئەو هاوبەشانە ببڕدرێت کە دوو جار بەسەر یەکەوە پارەی پسوڵەی کارەبایان نەداوە، دەڵێت، بەڵام لەبەر بارودۆخی دارایی ئەو کارە نەکراوە.
وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاندووە، پێویستە هاوبەشانی کارەبا بۆ دانەوەی
قەرزەکانیان پابەندی رێنماییەکانی وەزارەت بن.
ئاگاداری هاوبەشانیش دەکاتەوە، قەرزەکانیان بدەنەوە، دەشڵێت، "بۆ ئەو
مەبەستە فەرمانگەکانی کارەبا کارئاسانی بۆ هاوبەشان دەکەن بە شێوەیەک کە بارگرانی
داراییان لەسەر دروست نەبێت."
وەزارەتی کارەبا
رایگەیاندووە، "بەبەپێی رێنماییەکانی وەزارەت، پێویستە کارەبای ئەو هاوبەشانە
ببڕدرێت کە دوو جار بەسەر یەکەوە پارەی پسوولەی کارەبایان نەداوە. بەڵام
لەبەر رەچاوکردنی بارودۆخی دارایی، تا ئێستا کارەبای هیچ هاوبەشێک بەهۆی نەدانی کرێی
کارەباوە نەبڕدراوە."
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دۆخی
دارایی هەرێم گرفتی بۆ دروستبووە و موچەخۆران لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا یان
موچەکانیان لێبڕدراوە یان لێی پاشەکەوت کراوە، یانیش پێیان نەدراوە، بەهۆی
ئەوەشەوە بارگرانی لەسەر هاوڵاتیان دروستبووە لەماوەی ئەو چەند ساڵەی کۆتاییدا و
هەندێک لە هاوڵاتیان باس لەوە دەکەن، ئەگەر خۆیان پاشەکەوتێکیان لە ماڵەکانیاندا
هەبووبێت ئەوا ئەوەشیان خەرجکردووە.
لەو ماوەیەشدا بەهۆی پێنەدانی موچە و خراپی
دۆخی کار و نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن، بەشێکی هاوڵاتیان پارەی ئاو و
کارەبایان نەداوە و هەندێکیشیان باس لەوەدەکەن، پێویستە حکومەت لە پاشەکەوتی
موچەکانیان هەڵی بگرێت.