سەردێڕ:

وەزارەتی نەوتی عێراق: نرخی یەک لیتر بەنزین بە ٤٥٠ دینارە

AM:08:54:18/12/2021

14476 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، نرخی یەک لیتر بەنزین لەسەرجەم پارێزگاکانی وڵاتدا بە ٤٥٠ دینارە. دەشڵێت، "رۆژانە ٢٨ ملیۆن لیتر بەنزینمان پێویستە".


حسێن تاڵب بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرھەمە نەوتییەکانی سەربە وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفیزیۆنی فەرمی وڵات رایگەیاند، لەسەرجەم پارێزگاکانی وڵاتدا بەگوێرەی پێویستییان بەنزینیان بەسەردا دابەش دەکرێت.
لەبارەی بڕی بەنزینی پێویستیشەوە ئاماژەی بەوەدا، رۆژانە لەسەرتاسەری پارێزگاکانی وڵاتدا ٢٨ ملیۆن لیتر بەنزین بەکار دەھێنرێت.
ھەروەھا، لەبارەی نرخی بەنزینیشەوە، حسێن تاڵب ئاشکرای کرد، لەسەرجەم وێستگە حکومی و ئەھلییەکاندا نرخی یەک لیتر بەنزین بە ٤٥٠ دینارە.
دەشڵێت، کۆمپانیا پابەندە بە دابینکردنی سوتەمەنییەوە لەسەرجەم وێستگە ئەھلی و حوکمییەکانەوە بەگوێرەی بودجەی خزمەتگوزارییەکان.
ھاوکات، لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینەوە،  بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرھەمە نەوتییەکان ئاشکرای کرد، لە سەرجەم پارێزگاکاندا نرخی بەنزین بەرزنەبووەتەوە بەتایبەتی نەینەوا و کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدین.
وتیشی، ھەرکەس داوابکات ٢٤ کاتژمێر وێستگەکەی بەبێ ھیچ چاودێری کردنێک کاربکات، ئەوا مەبەستێکی دیکەی ھەیە.
ئەمە لەکاتێکدایە،  زیاتر لە شەش مانگە لە ھەرێمی کوردستان نرخی بەنزین بەشێوەیەکی پلەبەندی و پلان بۆ دانراو لە ٤٥٠ دینارەوە بۆ ٨٥٠ دینار بە بیانوی گرانبوونی نرخی سوتەمەنی لە بازاڕەکانی جیھان بەرزکرایەوە. لەماوەی رابردوشدا کەمال ئەتروشی وەزیری سامان سروشتییەکانی ھەرێم رایگەیاند، لەگەڵ بەغدا رێکەوتوون  حکومەتی فیدڕاڵی رۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن لیتر بەنزین رەوانەی پارێزگاکانی ھەرێم دەکات و لە بەنزینخانەکان بە ٦٥٠ دینار دەدرێت بە ھاوڵاتییان.












گەلەری