سەردێڕ:

لوبنان ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی بە سەرۆکوەزیرانی پێشووتر سپارد

PM:11:57:26/07/2021

4824 جار خوێندراوەتەوە

سەرکۆماری لوبنان لە دوای سەعد حەریری سەرۆکی رەوتی موستەقبەل، ئەرکی پێکھێنانی حکومەتی بە سەرۆکوەزیرانی پێشووتر، نەجیب میقاتی سپارد.


کۆبوونەوە راوێژییەکانی میشێل عۆن سەرکۆماری لوبنان، لەگەڵ گروپە سیاسییەکانی پەرلەمان بەمەبەستی دیاریکردنی كەسێك بۆ پێکھێنانی كابينەى نوێى حكومەت بۆ شوێنگرتنى حکومەتەکەی حەسان دیاب كە بەھۆی ناڕەزایەتییەکانی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت لە ١٠ی ئابی ساڵی ٢٠٢٠ دەستيلەكاركێشايەوە، کۆتاییھات.

لەو راگەیەندراوەی کە لە سەرۆکایەتی کۆماری لوبنانەوە لە دوای کۆبوونەوە راوێژییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە نەجيب میقاتی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری وڵاتەکە بە مەبەستی پێکھێنانی حکومەتی نوێ، بانگھێشتی کۆشکی بەعەبدا کراوە.

نەجیب میقاتی ئەندامى پەرلەمانە و لە ساڵەکانی ٢٠٠٥-٢٠١١ سەرۆکوەزیرانی لوبنان بووە، لە كۆى دەنگی ١١٥ کەس کە بەشدارییان لە کۆبوونەوەکانی کۆشکی بەعەبدا کردبوو، دەنگی ٧٢ کەسی بەدەستھێناوە.

میقاتی لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەی کە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆمار لە کۆشکی بەعەبدا ئەنجامیدا، راسپاردنى بە ئەركى پێكهێنانى حكومەت راگەیاند.

نەجیب میقاتی راشیگەیاند، بە تەنھا ناتوانێت بەسەر دژوارییەکاندا سەربکەوێت و داوای متمانەی خەڵکی کرد و وتی، "ئاگر تەنھا بە ھەرەوەزی دەکوژێتەوە. ئەگەر متمانەی پێویستم لە دەرەوە بەدەستنەھێنابێت ئەم ھەنگاوەم نەدەنا".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە بە ھەماھەنگی لەگەڵ سەرکۆمار و لەگەڵ پێشنیازەکەی فەڕەنسا حکومەتی نوێ پێکدەھێنن.

لە ١٠ی ئابی ساڵی رابردوودا و دوای تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت، حکومەتی لوبنان لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا دەستی لەکارکێشایەوە و لەو کاتەشەوە تاوەکو ئێستا چەند کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێردراون، بەڵام یان رێکنەکەوتوون یانیش سەرکەوتوو نەبوون.













گەلەری