سەردێڕ:

شەپۆلی بارانبارین و هەورەتریشقە دەگاتە هەرێم

PM:07:26:26/07/2021

135848 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکى کەشناسى رایگەیاندووە، شەپۆلێکى بارانبارین روو لە بەشێک لە ناوچەکانى کوردستان دەکات.


ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی لە هەرێم رایگەیاندووە، "لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی باراناوی لەسەر ناوچەکانی کوردستانی باکور و رۆژھەڵات پێشبینی دەکەین سەرەتای ھەفتەی ئایندە لەرۆژانی ١ی ئاب تاوەکو ٤ی ئاب، شەپۆلێکی تاو تاوی بارانبارین و ھەورە تریشقە بەرێژەی جیاجیا بەشێکی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە".

ئاماژەی بەوەکردووە، شەپۆلەکە بەتایبەت کاریگەری لەسەر ناوچە شاخاویی و سنوریەکانی پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی راپەرین و دھۆک دەبێت، بەھۆی نزیکی ئەو ناوچانە لە سنورەکانی باکور و رۆژھەڵاتی نزمە پاڵەپەستۆکەوە.

ئەو شارەزای کەشناسییە دەشڵێت، بەگشتی بۆ ناوچەکانی باشوری ھەرێم وەک سنوری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و کەرکوک و ھەڵەبجە تا ئێستا دەرنەکەوتووە لەو ناوچانەدا کاریگەری دەبێت بەشێوەی بارانبارین، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی زیاتر گۆرانکاریەکان دڵخۆشکەر دەبن و کاریگەری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچە نزمەکان و ئەو سنورانەش .

ئەوەش لە کاتێکدایە زیاتر لە مانگێکە شەپۆلێکی گەرما عێراق و هەرێمی گرتووەتەوە و لە هەندێک ناوچەشدا پلەکانی گەرما گەیشتوونەتە سەرو ٥٠ پلەی سیلیزی.













گەلەری