سەردێڕ:

ئاژانسێکی نێودەوڵەتی: ئابوری عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو گەشە دەکات

AM:09:59:14/12/2021

2936 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی فیچ بۆ پۆلێنبەندکردنی گەشەکردنی ئابوری وڵاتان رایگەیاند، پێشبینیدەکرێت لە ساڵی داھاتوودا ئابوری عێراق بە رێژەی ٨.١٪ گەشەبکات. دەشڵێت، "بەمەش عێراق دەبێتە یەکێک لە وڵاتە گەشەسەندووەکانی کەنداو".


ماڵپەڕی زی ناشناڵ راپۆرتێکی ئاژانسی فیچی نێودەوڵەتی بۆ پۆلێنبەندکردی گەشەکردنی ئابوری وڵاتانی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، پێشبیندەکرێت ساڵی داھاتوو وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەسەندنی ئابوری بەخۆیانەوە ببینن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم گەشەسەندنەش پەیوەستە بە خێراکردنی پرۆسەی ھەڵمەتی کوتان و پێدانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لەگەڵ ھەنگاوەکانی رێکخراوی ئۆپیک پڵەس کە بەشێوەیەکی پلەبەندی بەرھەمی نەوت بەرزدەکاتەوە و ھاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی خواستی بازاڕی جیھانی لەسەر نەوت.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشداوە، پێشبیندەکرێت ئابوری عێراق لە ساڵی ٢٠٢٢ بەڕێژەی ٨.١٪ بەرزبێتەوە و ئەمەش بەرزترین رێژەی گەشەسەندنی ئابوری دەبێت لە سەر ئاستی وڵاتانی کەنداو، چونکە عێراق ئەندامە لە رێکخراوی ئۆپیک پڵەس.
راپۆرتەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، پێشبینیدەکرێت لەساڵی داھاتوودا کوەیت بەڕێژەی ٧.٩٪ و سعودییە بەڕێژەی ٧.٤٪ و ئیماڕاتیش بەڕێژەی ٥.٨٪ گەشەسەندی ئابوری تێیاندا بەرزدەبێتەوە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشداوە، بەھۆکاری باشبوونی دۆخی بودجەی وڵاتانی ئەنجومەنی ھاریکاری کەنداو و عێراق، لەکاتی مانەوەی نرخی نەوت بە بەرزی، کاریگەری دەبێت لەسەر باشترکردنی دۆخی ئابورییان.
دەشڵێت، بەگەیشتنی تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاو بە ٧٠ دۆلار، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادبوونی داھات بۆ وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپیک پڵەس دەستەبەردەکات و ئەمەش لەگەڵ رێککەوتنی رێکخراوەکە لەسەر رێژەی بەرھەمھێنانی نەوت لەساڵی داھاتوودا گونجاوە. 
راپۆرتەکە باسی لەوەشکردووە، ئەندامانی رێکخراوی ئۆپیک پڵەس لە سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵەوە بەشێوەیەکی پلەبەندی دەستیانکردووە بە زیادکردنی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت بە ئامانجی پڕکردنەوەی ئەو خواستەی لەبازاڕەکانی جیھاندا لەسەر نەوت زیادی کردووە.
راپۆرتەکە لە شیکارکردنی ھاوکێشەکاندا پشتی بە باشتربوونی دۆخی داھاتی ئەو وڵاتانە بەستووە کە لە ساڵی ٢٠٢١دا نەوتییان بەرھەمھێناوە و ھەناردەی بازاڕەکانی جیھانییان کردووە.












گەلەری