یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان و یوسف قەرزاوی سەرۆکی پێشووی یەکێتیەکە و تەوەکول کرمان چالاکوانی یەمەنی خاوەن خەڵاتی نۆبڵ، کاردانەوەیان نیشاندا بەرامبەر کودەتاکەی تونس و یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان بۆ کودەتاکەی تونس دەڵێت، " لە رووی ئایینی و ئەخلاقییەوە دروست نییە."
یەکێتیی جیهانیی
زانایانی موسڵمان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، "کودەتاکردن بەسەر ئیرادەی
تونسییەکان و دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان و تاک لایەنە هەنگاونان کارێکی مەترسیدارە؛
لە رووی ئایینی، ئەخلاقی و عورفەوە دروست نییە".
لە بەیاننامەکەدا
داوا لە قەیس سعەیید سەرکۆماری تونس کراوە پاشگەزببێتەوە و ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو
بڕیارانە، پشێوی و ئاژاوە لە وڵاتدا قوڵتر دەکەنەوە.
لە بەیاننامەکەدا
داوا لە گەلی تونس کراوە ''دەستکەوت و ئازادییەکان بپارێزێت، قبوڵی نەکات دیکتاتۆری
بگەڕێتەوە و رێککەوتن بکرێت بۆ پاراستنی وڵات لە جیابوونەوە و پشێوی''.
لەو بارەیەشەوە یوسف
قەرزاوی سەرۆکی پێشووی یەکێتیەکە لە هەژماری خۆی لە تویتەر، رایگەیاندووە، ''دژی هەموو
جۆرە کودەتایەکین ئەگەر لەلایەن گرووپێکی ئیسلامیشەوە بکرێت، هەڵوێستمان زۆر روونە''.
هاوکات، تەوەکل
کرمان چالاکوانی یەمەنی خاوەن خەڵاتی نوبڵ سەرکۆماری تونسی تۆمەتبار کرد بە سوکایەتیکردن
بە دەنگدەران.
تەوەکل کرمان لە
هەژماری تویتەری خۆی رایگەیاندووە، ''قەیس سعەیید کودەتاچییە. سووکایەتی بە دەنگدەران
کرد''.
ئەوەش لە کاتێکدایە،
شەوی رابردوو کودەتا لە تونس کرا و قەیس سعەیید سەرکۆماری تونس ئاماژەی بەوە
کردبوو، تەواوی دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی سڕکردووە، پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران
هەڵگرتووە، هیشام مشیشیی سەرۆکوەزیرانی ئێستاشی لە پۆستەکەی دوورخستووەتەوە و بە سەرۆکوەزیرانێک
کە خۆی دایدەنێت، کارەکان بەڕێوەدەبات.