سەردێڕ:

لیرەی لوبنانی نزمترین ئاستی پێوانەیی نرخی تۆمارکرد

PM:04:01:13/12/2021

6144 جار خوێندراوەتەوە

لە ئەنجامی ململامنێ و ناکۆکییە ناوخۆی و دەرەکییەکان و کێشەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، بەھای لیرەی لوبنانی لە بازاڕی رەشدا بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و نزمترین ئاستی پێوانەیی تۆمارکرد کە لەماوەی ٧٠ ساڵی رابردوو رووینەداوە.


ئەمڕۆ دووشەممە، یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر ٢٦ ھەزار و ٣٥٠ لیرەی لوبنانی مامەڵەی پێوەکرا.
مامەڵەکارانی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی لە بازاڕی ڕەشی لوبنانیدا ئاماژەیان بەوەداوە، ترس ھەیە لیرە بەھاکەی زیاتر دابەزێت و نرخی یەک دۆلار بە ٣٠ ھەزار لیرە مامەڵەی پێوەبکرێت. ھاوکات، ھۆکارەکەشی دەگڕێننەوە بۆ چارەسەر نەکردنی کێشەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و تێنەپەڕاندنی کێشە ناوخۆییەکان.
ئاشکرایان کردووە، دابەزینی بەھای لیرە بۆ نزمترین ئاستی پێوانەیی بەشێوەیەکە لە ٧٠ ساڵی رابردوودا رووینەداوە.
دەشڵێن، دۆخێکی نائومێدکار بازاڕی رەشی لوبنانی داگرتووە بەھۆکاری ئەوەی ماوەی یەک مانگە ئەنجومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتە ھیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجامنەداوە.
لەماوەی رابردوودا و لەسەروبەندی پێکھێنانی حکومەتی نوێ لەلایەن نەجیب میقاتییەوە لە مانگی ئەیلولی رابردوو، بەھای لیرەی لوبنانی بەڕێژەی ٢٠٪ بەرزبووەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتای سەرھەڵدانی کێشەی دارایی لە لوبنان لەکۆتاییەکانی ٢٠١٩دا، لیرەی لوبنانی بەڕێژەی ٩٠٪ بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەھای راستەقینەی خۆی لەدەستداوە و بەمەش بەرێژەی ٥٠٪ ئاستی ھەژاری بەرزبووەتەوە و نرخی خواردەمەنی و پێداویستی بەکارھێنان بەڕێژەی ٥٠٠٪  بەرزبووەتەوە.
لە ئێستادا بانکی ناوەندی لوبنانی نرخی فەرمی بەھای لیرە بەرامبەر یەک دۆلار ھەزار و ٥٠٧ لیرەیە. سەرەڕای ئەوەی لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی قەرزەکانی لوبنان بە بڕی ٩٨ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار ئەمەش دەکاتە ١٧٠٪ کۆی بەرھەمی ناوخۆیی و سەرھەڵدانی گەندەڵی دارایی و ئابوری و بەرزبوونەوەی کورتھێنان لەبودجەی ساڵانی رابردوو.












گەلەری