سەردێڕ:

لە ئێرانەوە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل؛ باجی قورس دەدەن

AM:09:40:12/12/2021

6388 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئێران لەبارەی پلانی مانۆڕی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل کە بە ئامانج گرتنی دامەزراوەکانی ئەتۆمی ئێرانیش لەخۆدەگرێت لە ئەگەری سەرنەکەوتنی دانوستانەکانی ئەتۆمییدا، رایگەیاند کە ئەو دوو وڵاتە لە ھەر ھێرشێکدا "باجی قورس دەدەن."


ئەو بەرپرسە باڵا سەربازییەی ئێران کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، لە لێدوانێکیدا بۆ "Nournews"ی سەر بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر پلانی ھێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژیان ئاشکرا کرد.

ئەو بەرپرسە سەربازییە ئەوەی خستووەتەڕوو کە بە موشەک وەڵامی ھەر ھێرشێک دەدەنەوە و وتی، "دەستەبەرکردنی تاقیکردنەوەی توانا موشەکەکانی ئێران بە ئامانجی راستی لەلایەن فەرماندە سەربازییەکانەوە، باجی قورسی دەبێت."

لە ٩ی کانونی یەکەم لە واشنتن لۆید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا و بێننی گانتز ھاوتا ئیسرائیلییەکەی کۆبوونەوە، ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژە بەوەکرد، کە ھەردوو وەزیرەکە تاوتوێی مانۆڕێکی سەربازییان کردووە کە کردنە ئامانجی دامەزراوەکانی ناوەکی ئێرانیش لەخۆدەگرێت، لە ئەگەری سەرنەکەوتنی دانوستانەکانی ئەتۆمییدا.

لە دوای کۆبوونەوەکە، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، لە ئەگەری سەرنەکەوتنی دانوستانەکانی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا، ئەوا "ئامادەن بۆ بژاردەکانی دیکەی بەدەر لە رێگەی دیپلۆماتی."













گەلەری