سەردێڕ:

عێراق ئەم توێژە دادەمەزرێنێت

AM:08:24:11/12/2021

13700 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی راژەی گشتی فیدڕاڵی رایگەیاند، ئەو خوێندکارە یەکەمانەی داواکارییان بەمەبەستی دامەزراندنیان لە دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەروازە سنورییەکان و ئەنجومەنی دەوڵەت پێشکەش کردبوو چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکرێت.


ئەمڕۆ شەممە، ویسام لھێبی وتەبێژی فەرمی ئەنجومەنی راژەی گشتی فیدڕاڵی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، ئەو خوێندکارانەی بڕوانامەی بەکالریۆسیان ھەیە و یەکەم بوون و بەمەبەستی دامەزراندنییان داواکارییان لە دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەروازە سنورییەکان و ئەنجومەنی دەوڵەت پێشکەش کردبوو لە رێکەوتی ١٣ و ١٤ی ١٢ی ٢٠٢١ چاوپێکەوتنییان لەگەڵ دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، چاوپێکەوتنەکە لە ئۆفیسی سەرەکی ئەنجومەنی راژەی گشتی فیدڕاڵی لە ناوچەی عەلاوی بەرامبەر وێستگەی جیھانی بۆ ھێڵی ئاسنین بەڕێوەدەچێت.
لەراگەیەنراوەکەدا ھاتووە، داوا لەو کەسانە دەکات داواکارییان پێشکەش کردووە بەردەوام ئاگاداری ئیمەیڵەکانیان بن بەمەبەستی ئاگادارکردنەوەیان لە کات و شوێنی چاوپێکەوتنەکانییان.
لەبارەی پێداویستییەکانیشەوە، ئەنجومەنی راژە ئاشکرای کردووە، پێویستە داواکار یەکێک لەم بەڵگەنامانەی پێبێت "پێناسی باری شارستانی، کارتی نیشتیمانی، پاسپۆرتی بەسەرنەچوو، کارتی دەنگدان، یان پشتگیری نیشتەجێبوون" کۆپی ئەسڵی. ھەروەھا، پێویستە کۆی بەڵگەنامەکانی کۆپی بکات و بە ئیمەیڵ بۆ ئەنجومەنی راژەی بنێرێت.
ھاوکات، پێویستە داواکار پابەندی کات و شوێن بێت لەکاتی چاوپێکەوتندا و رۆژی چاوپێکەوتن کاتژمێر ٨ی بەیانی ئامادەبێت، چونکە لیژنەکە کاتژمێر ٩ کارەکانی دەستپێدەکات. دەشڵێت، ئەگەر پێشکەشکار ئامادەنەبێت رەنگە داواکارییەی دوابکەوێت.













گەلەری