سەردێڕ:

گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن، ستراتیجی ئەمریکا دوای کشانەوەی هێزەکانی چییە؟

PM:03:16:26/07/2021

5988 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی چەند رۆژێکە شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوە گەیشتوونەتە ئەمریکا و لەگەڵ شاندی دانوستانکاری ئەو وڵاتە بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوە لە گفتوگۆدان بە ئامانجی رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سەر خاکی عێراق و دانانی ستراتیجی داهاتووی ئەمریکا لەو وڵاتەدا.


دوێنێ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی و چاوەڕوانکراو گەیشتە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا و بڕیارە ئەمڕۆ لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کۆبێتەوە.

ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە ئایا سروشتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا چۆن دەبێت؟ ئایا سەرجەم هێزەکانی دەکێشێتەوە یان بەشێکی لە عێراق دە‌هێڵێتەوە، لەکاتێکدا چوارەم گەڕی گفتوگۆکان لەبارەی ستراتیجی داهاتووی ئەمریکا لەو وڵاتەوە و بەهێزکردنی نێوان دوو وڵات و هاریکاری کردنی یەکتردەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی گروپی چەکداری داعش.

هاوکات، هاوپەیمانی ناتۆ لە شوباتی رابردوودا بڕیاریدا ژمارەی هێزەکانی بۆ چوار هەزار سەرباز لە عێراقدا زیادبکات و واشنتۆنیش بڕیاریدا لەو چوارچێوەیەدا بەشداریدەکات.

جێسیکا ماکنۆلتی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریگا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنەکانی ناتۆ لە عێراق بەشداریدەکات. وتیشی، "ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش پابەندن بە تێکشکاندنی ئەو گروپە چەکدارییە".


ئاسمان بۆ ئێمە و زەویش بۆ ئێوە

ئەحمەد یاسری شارەزای بواری ستراتیجی لە لێدوانیکیدا بۆ سکای نیوزی عەرەبی رایگەیاند، پلانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە دانرا، لەو باوەڕەدایە لە ئێستادا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لەسەر ئەوە رێدەکەون، ئاسمان بۆ ئەمریکا و زەوی بۆ عێراقییەکان بێت.

روینشیکردەوە، ئەمە بەواتای ئەوەدێت، هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق شەڕ ناکەن، بەڵام بە هێزی ئاسمانی پشتیوانی لە سوپای عێراقدەکەن. ئەمەش جموجوڵی گروپە چەکدارییەکان کەمدەکاتەوە و هێزەکانی هاوپەیمانانیش دەتوانن باشتر جموجوڵکانیان بکەن.

ئەحمەد یاسری ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر ئەمریکا ئامادەنەبێت لە ئاسمانەوە هاوکاری هێزەکانی عێراق بکات، ئەوا رووداوەکانی ئەفغانستان دووبارە دەبنەوە و جارێکی دیکە داعش دەتوانێت دەست بەسەر ناوجەکاندا بگرێتەوە، چونکە لە رابردوودا ئەمریکا ١٣ هەزار موشەکی بەرگری ئاسمانی هەڵداوە و توانییویەتی هەشت هەزار بنکە ومۆڵگەی گروپی چاکەداری داعش خاپوربکات.

ئەو شارەزایەی بواری ستراتیجی باسی لەوەشکرد، حکومەتی عێراقی گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی پێویستی بەهێزی بیانی نییە لەسەر خاکەکەی شەڕبکات، بەڵام لەو باوەڕەشدایە پێویستی مەشقپێکردن و هەماهەنگی کردن لە بواری هەواڵگری سەربازی هەیە تا توانا سەربازییەکانی خۆی پەرەپێبدات.

لە ئێستادا نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ سەربازی بیانی لە سەرخاکی عێراق ماونەتەوە و لە و ژمارەیەش دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازییان ئەمریکین.

لەماوەی رابردووشدا، بنکە سەربازییە ئەمریکییەکان لە سەرتاسەری عێراقدا زیاتر لە ٥٠ هێرش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک کراوەتە سەریان و تا ئێستاش هەڕەشەن بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە. بەردەوام ئەمریکاش ئێران و ئەو گروپە چەکدارییانەی تۆمەتبارکردووە کە لە ئێرانەوە نزیکن.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، کە سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمریکا ماوەی چەند رۆژێک دەخایەنێت کە لە میانیدا پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا لە بوارە جیاجیاکاندا و پرسە دووقۆڵییەکان کە جێگەی بایەخی ھاوبەشی ھەردوولان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکات.

مستەفا کازمی بەرلەوەی بەرەو ئەمریکا بەڕێبکەوێت رایگەیاند، سەردانەکەی لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی عێراق ئەنجام دەدات بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا کە لەسەر بنەمای رێزگرتن و ھاریکاری دووقۆڵیی لە بوارە جیاجیاکاندا بنیاتنراوە.

رۆژی هەینی ئەنتۆنی بلینکن و فوئاد حسێن وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و عێراق کۆبوونەوە و تیایدا گفتوگۆیان لەسەر چەند دۆسییەیەک کرد و وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، گەڕی چوارەمی گفتوگۆکان کۆتا گەڕدەبێت و سەرجەم دۆسییەکانی تێدا یەکلایی دەکەنەوە.

لەلایەن خۆشییەوە، جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە پێشوازی لە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و لەسەر چەند پرسێک گفتوگۆبکەن.













گەلەری