سەردێڕ:

عێراق دەرچوونی زۆربەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی راگەیاند

PM:09:38:10/12/2021

3400 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند، زۆربەی سەربازانی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە وڵات دەرچوون و ئەو ئەندامانەی ھاوپەیمانان کە دەمێننەوە ئەرکیان پێشکەشکردنی ھاوکاریی و راوێژ دەبێت بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق.


ئەمرۆ ھەینی، وەزارەتی بەرگریی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، زۆربەی سەربازانی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعشی لە وڵات دەرچوون و ژمارەیەکیان ماونەتەوە کە ئەرکیان پێشکەشکردنی ھاوکاریی و راوێژ دەبێت بە ھێزە ئەمنییەکان.
بەگوێرەی ئەو راگەیەنراوەی کە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق بڵاوکراوەتەوە، عێراق و ئەمریکا رێککەوتوون لەسەر گواستنەوەی ھێزە شەڕکەرەکانی ھاوپەیمانان بۆ دەرەوەی عێراق و بە فەرمی کۆتاییھاتنی ئەرکی ئەو ھێزانە لە عێراق رابگەیەنن.
ئاماژەی بەوەشداوە، زۆربەی ئەو ھێزانە وڵاتەکە جێدەھێڵن و ئەوانی دیکەش لە رۆژانی داھاتوودا دەردەچن، و تەنھا ژمارەیەک راوێژکار شوێنی ھێزەکانی پێشوو دەگرنەوە، بە ئامانجی پشتگیریکردنی ھێزە ئەمنییەکان لە عێراق.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەندامانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی "ئەوانەی کە لە عێراقدا دەمێننەوە" ئەرکیان پێشکەشکردنی پشتیوانی و راوێژ دەبێت بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ رۆژی پێنجشەممە، عێراق و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە رێکخراوی داعش بەفەرمی کۆتاییھاتنی ئەرکی ھێزە شەڕکەرەکانی ھاوپەیمانانیان لە عێراق راگەیاند.
رۆژی ٢٦ی تەمووزی رابردوو، بەغدا و واشنتن رێکەوتن لەسەر کشانەوەی ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ.












گەلەری