سەردێڕ:

ئەستێرەیەک تەقیوەتەوە ئەگەر خۆر بوایە چی روویدەدا؟

PM:08:05:10/12/2021

8752 جار خوێندراوەتەوە

زانایانی زانکۆی کلۆرادۆی ئەمریکی بەدواداچوونییان بۆ رووداوی تەقینەوەی ئەستێرەی ئی کی دراگۆنیسییان لە گەردووندا کردووە و دەڵێن، "ئەگەر ئەو تەقینەوەیە لەسەر ھەسارەی خۆر روویبدایە ئەوا سەرجەم تۆڕەکانی وزەی لەسەر زەوی پەکدەخست و تەواوی بەرنامەی گەشتە ئاسمانییەکانی تێکدەدا".


زانایانی زانکۆی کلۆرادۆی ئەمریکی لە نوێترین توێژینەوەیاندا کە لە گۆڤاری نەیچەر ئەسترنۆمیدا بڵاویان کردووەتەوە ئاشکرایان کردووە، لەسەر ئەستێرەی ئی کی دراگۆنیسی تەقینەوەیەک روویداوە ئەگەر لەسەر ئەستێرەی خۆر روویبدایە سەرجەم تۆڕەکانی وزەی لەسەر زەوی پەکدەخست و بەرنامەکانی گەشتکردنی بۆ ئاسمان تێکدەدا.
زانایان ئاماژەیان بەوەداوە، ئەو بەشەی لە ئەنجامی تەقینەوەکە لە ئەستێرەی ئی کی دراگۆنیس جیابووەتەوە بارستاییەکەی چوار ملیار کلیۆگرام مادەی سوتێنەری تێدایە کە ١٠ ھێندە گەورەترە لەو بەشەی لە ئەنجامی تەقینەوەی خۆرەوە لێی جیابووەتەوە.
زانایان ئەوەشیان خستووەتەڕوو، لەڕووی تیۆرییەوە دەکرێت ئەم رووداوەش لەسەر ئەستێرەی خۆر رووبدات، بەڵام ئەگەرێکی لاوازە، دەشکرێت لە ھەزاران ساڵدا یەکجار رووداوی لەو شێوەیە لەسەر خۆر رووبدات.
یۆتا نۆتسۆ زانای فیزیای گەردوونی لە زانکۆی کۆلۆرادۆ و یەکێک لە ئامادەکارانی توێژینەوەکە ئاشکرای کرد، ئەو تەقینەوەیەی لەسەر ئەستێرەی ئی کی دراگۆنیس روویداوە زۆر گەورەترە لەو رووداوەی لەسەر ئەستێرەی خۆر روویداوە.
باسی لەوەشکرد، ئەم جۆرە تەقینەوانە لەساڵانی یەکەمی سەرەتای دروستبوونی کۆمەڵەی خۆر زۆر روویداوە، ئاشکرایە تەمەنی خۆر  ٤ملیار و ٥٠٠ ملیۆن ساڵە.
یۆتا نۆتسۆ ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم تەقینەوانە کاریگەرییان ھەبووە لەسەر دروستبوونی ھەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر، بەتایبەتی ئەوانەی لە خۆرەوە نزیکن.
تەقینەوەی ئەستێرەکان بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو روودەدەن و بەھۆیەوە بارستەیەکی گەورە فڕێدەدەنە ناو قوڵایی گەردوونەوە.
ئەستێرەی  ئی کی دراگۆنیس نزیکەی ١١١ ساڵی تیشکی لە زەوییەوە دوورە و لە قەبارەدا لە ھاوشێوەی خۆرە بەڵام تەمەنی لە خۆر کەمترە.












گەلەری