سەردێڕ:

پلەکانی گەرما بەرزتر دەبنەوە و گەرمترین ناوچەی جیهانیش راگەیەنرا

PM:02:00:26/07/2021

14960 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند، پێشبینییەکان ئەوەیان دەرخستووە لەماوەی دوو رۆژی داهاتوو پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبنەوە وگەرمایەکی بەهێز روو لەپارێزگاکان دەکات. کەشناسی جیهانیش دەڵێت، "دورگەی سامۆوا لە باشوری نیوەگۆی زەوی بە تۆمارکردنی ٥٣.٧ پلەی سیلیزی بە گەرمترین ناوچەی جیهان دادەنرێت".


ئەمڕۆ دوو شەممە، دەستەی کەشناسی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، کەشوهەوای دوو رۆژی داهاتوو ساماڵ دەبێت و کەشو هەوا زۆر گەرم دەبێت بەشێوازێک پلەکانی گەرما ٥٠ پلەی سیلیزی تێدەپەڕێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، پلەکانی گەرما لە ئەمڕۆدا لە شاری بەغدا ٤٩ پلەی سیلیزی دەبێت و لە میسان و زیقار دەگاتە ٥٢ پلە .

بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی کەشناسی، رۆژی سێشەممە لە تەواوی ناوچەکانی عێراق ئاسمان ساماڵدەبێت و پلەکانی گەرما زۆر بەرز دەبێتەوە.

دەستەی کەشناسی عێراق باسیشی لەوەکرد، رۆژی چوارشەممە لە ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق پلەکانی گەرما کەمێک روو لە دابەزین دەکات، بەڵام لە ناوچەکانی باشوردا بەپێچەوانەوە کەشوهەوا زۆر گەرم دەبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، کەشناسی جیهانی رایگەیاند، دورگەی سامۆوا لە باشوری نیوەگۆی زەوی بە تۆمارکردنی ٥٣.٧ پلەی سیلیزی بە گەرمترین ناوچەی جیهان دادەنرێت. دەشڵێت، "پارێزگای عەمارە لە باشوری عێراق بە تۆمارکردنی ٥١ پلەی سیلیزی بە دووەم گەرمترین ناوچەی جیهان دادەنرێت".

لە هەموو جیهاندا پلەکەنی گەرما روو لە بەرزبوونەوەیە و پێشبیندەکرێت کە ئەمساڵ گەرمترین ساڵ بێت لە دوای شۆڕشی پیشەسازی.

لە دوای شۆڕشی پیشەسازییەوە پلەکانی گەرما ١.٠٥ پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراو و دامەزراوە ئەکادیمییەکانی تایبەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا هۆشداریدەدەن لە زیاتر بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و گۆڕانی زیاتر و خێراتر لە کەشوهەوای زەوی بەهۆیی فڕێدانی رێژەیەکی بەرزی گازە گەرم و ژەهراوییەکان.













گەلەری