لەئەنجامی گرژبوونی پەیوەندییەکانی نێوان روسیا و ئۆکرانیا ئەمریکا ھەرەشەکانی بۆ روسیا تا ئاستی ئەگەری پێکدادانی سەربازی بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوەبینی، بەڵام سەرۆکی ئەو وڵاتە رایگەیاند، رەوانەکردنی سوپای ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا ھێشتا پێشنیاز نەکراوە.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، رەوانەکردن و بڵاوکردنەوەی سوپای ئەمریکا لە ئۆکرانیا دۆسییەکە نەخراوەتە سەر مێزی گفتوگۆکردن.
ئاماژەی بەوەشدا، "ئێمە پابەندبوونی ئەخلاقی و یاساییمان بەرامبەر ھاوپەیمانەکانمان ھەیە لە ناتۆ، ھەرکاتێک روبەڕووی ھێرش بوونەوە، ئەوا بەگوێرەی مادەی پێنجی ھاوپەیمانێتییەکە بە ئەرکی پیرۆزی خۆمان ھەڵدەستین".
جۆ بایدن ئەوەشی خستەڕوو، ئەم پابەندبوونە ئۆکرانیا ناگرێتەوە.
ھەروەھا، ئاشکرای کرد، ئەمریکا ئامادەبوونی سەربازی خۆی لە وڵاتەکانی ئەندامی ناتۆ بەھێزدەکات و لەو چوارچێوەیەشدا ھاوکاری ئۆکرانیا دەکات لە بەھێزکردنی توانا بەرگرییەکان.
وتیشی، "رەنگە ناچاربین ئامادەییمان لە وڵاتانی ناتۆ بەھێزبکەین بەتایبەتی لە بەشی خۆرھەڵاتدا".
لەبارەی گفتوگۆ داخراوەکەی نێوان خۆیی و پۆتیندا، جۆ بایدن باسی لەوەکرد، "پێم راگەیاند، ئەگەر ھێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا، ئەوا روبەڕووی سزادانێکی ئابوری توندە دەبێتەوە کە پێشتر ھیچ کات روبەڕووی سزای لەوجۆرە نەبووبێتەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە، ئاڵۆزی و گرژییەکانی نێوان ئۆکرانیا و روسیا بەشێوەیەک بەروپێشچوو تا ئاستی کۆکردنەوەی ٧٠ ھەزار سەربازی روسی لە سەر سنورەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا و ئەمەش ترسی لای ئۆکرانیا دروست کرد کە ھەنگاوی یەکەمبێت بۆ ئەنجامدانی ھێرش بۆسەری لەلایەن روسیاوە، لەلایەن خۆیەوە روسیا رەتی کردەوە و وتی، "جموجوڵە سەربازییەکان ھەڕەشەنین بۆ سەر ھیچ لایەنێک".