سەردێڕ:

کچێکی عێراقی تەمەن چوارساڵ لە نێوان پۆڵەندا و بیلاروسیا بێسەروشوێن بوو

AM:10:46:09/12/2021

9468 جار خوێندراوەتەوە

لە ئەنجامی پێکدادانەکانی نێوان پاسەوانانی سنوری پۆڵەندا لەگەڵ کۆچبەران، کچێکی کۆچبەری عێراقی تەمەن چوار ساڵ لە دایک و باوکی دابڕاوە و لە دارستانە ساردەکانی ئەو ناوچەیەدا ونبووە و تا ئێستا بێ سەروشوێنە.


رێکخراوە مرۆییەکان دوێنێ چوارشەممە رایانگەیاند، ئەو کچە عێراقییە ناوی "ئیلین"ە، شەوی دووشەممەی ئەم ھەفتەیە لە کاتی ھەوڵدانی دایک و باوکیدا بۆ تێپەڕاندنی سنوری پۆڵەندا، لە خێزانەکەی دابڕاوە و ونبووە.
ئاماژەیان بەوەشدا، دایک و باوکی کچەکە لە کاتی پێکدادانەکانی پاسەوانانی سنوری پۆڵەندا
 و کۆچبەراندا، کچەکەیان داوەتە دەستی کۆچبەرێکی تر و دوایین جاریش منداڵەکە لە نزیک گوندی "نووی دوور" لە سنوری پۆڵەندا لەگەڵ ئەو کۆچبەرەدا بینراوە.
لەلایەن خۆیەوە، کاسیا کۆسیسزا لە گروپی خێرخوازی خێزانە بێ سنوورەکان رایگەیاند، "ئەم کچە لەوانەیە یا گیانی لەدەستدابێت، یان گەر زیندوو بێت بە زوویی دەمرێت، بەڵام دڵتەزێنترین شت ئەوەیە کە گەر منداڵێکی پۆڵەندی بووایا، ئەوا ھەموو وڵات بەدوایدا دەگەڕا."
ئانا میچاڵسکا، وتەبێژی پاسەوانانی سنور ئاماژەی بەوەدا، کارمەندەکانی خزمەتگوزاری لە رۆژی سێ شەممەدا ھەر کە ئاگادارکرانەوە، دەستیان کردووە بە گەڕان بە دوای کچە ونبووەکەدا، بەڵام نەیاندۆزیوەتەوە.
لەلایەن خۆیانەوە رێکخراو و گروپە مرۆییەکان دەڵێن، ھەوڵەکانی دەسەڵاتداران تەواو و بەس نەبووە بۆ دۆزینەوەی منداڵەکە.
ئەمە لەکاتێکدایە، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان حکومەتی پۆڵەندایان تۆمەتبارکردووە بە پێشێلکردنی ستانداردە مرۆییەکان لە رێگای گەڕاندنەوەی ھەندێک لە کۆچبەران بۆ ناو بلاروسیا، ئەمەش تۆمەتێکە کە وارشۆ رەتی دەکاتەوە.












گەلەری