سەردێڕ:

سەدر هۆشداریی بە لایەنە ساسییەکان دەدات

PM:09:48:08/12/2021

6980 جار خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدر هۆشداری بە لایەنە سیاسییەکان دەدات لەبارەی دۆخی عێراق و دەڵێت، لەپێناو چەند کورسییەک خەریکە دۆخەکە تێک دەچێت، باس لە گەڕانەوەی تیرۆر بۆ ناوچەی مەخمور و ئەو تەقینەوانەی روویانداوە لە بەسڕە دەکات.


موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، ئەو رووداوانەی ئەم دواییانە لە ناوچەکانی مەخمور و بەسڕە و چەند ناوچەیەکی دیکە روویانداوە ئاماژەیەکی رونن بۆ خراپتربوونی بارودۆخی سیاسی عێراق.

رێبەری رەوتی سەدر هۆشداریی داوە لەبارەی ئەوەی وڵاتەکە بەرەو مەترسی زیاتر دەچێت لەسەر چەند کورسییەکی پەرلەمان و داوا دەکات، کاربکرێت بۆ دانانی سنورێک بۆ ئەو کەسانەی چەک هەڵدەگرن بە پاساوی بەرگری یان هەر هۆیەکی دیکە و رێکخستنەوەی تەواوی ملیشیا چەکدارەکان لەناوخۆی وڵات.

سەدر باسی لەوەش کردووە، پێشبینی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە جومگەکانی دەسەڵاتدا دەکات و دەشڵێت، ''ئەمە ئێمە سوورتر دەکات لەسەر بەگژداچوونەوەی گەندەڵی جا بکەرەکەی هەر کێ بێت و هەرچیەک بێت.''

وتیشی، ئەگەر چارەسەرێک بۆ ئەمە نیە، ئەوە حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی چارەسەرە و دەتوانێت هەموو هێزەکان یەکبخات لەژێر چەتری یاسادا و کەس بەدەسر نییە لێی.

لە کۆتایی قسەکانیشیدا موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن کە لێکۆڵینەوە لە هەموو کارە تیرۆرستییەکان بکەن و وتی "داواکارە لەخودا سەبوری شەهیدەکان بدات و برینی بریندارەکان بەزووترین کات چارەسەربێت".

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ٢ی ئەم مانگەدا، چەکدارنی داعش ھێرشیانکردە سەرگوندی خدرجیجە و لە ئەنجامدا ١٣ پێشمەرگە و ھاوڵاتی شەھیدبوون و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

لە شەوی ٢٧ی مانگی رابردوو، لە ناحیەی کوڵەجۆی گەرمیان داعش ھێرشیکردەسەر سەنگەرەکانی پێشمەگە و لەکاتێکدا یارمەتی بۆ ھێزەکان رۆشتبوو بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و پێنج پێشمەرگە شەھید بوون و چوار پێشمەرگەش بریندار بوون.

لە ٢٩ی مانگی رابردووشدا، لە سنووری کفری لەلایەن چەکدارانی داعش ھێرشکرایە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە و لە ئەنجامی ھێرشەکەشدا دوو پێشمەرگە شەھید بوون و سێ پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.













گەلەری