سەردێڕ:

پادشای سعوودیە ٤٨٢ رۆژە لە کۆشکەکەی بیابانیی دەمێنێتەوە

PM:04:15:08/12/2021

12956 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی ٤٨٢ رۆژە، سەلمان عەبدولعەزیز پادشای سعوودیە لە کۆشکە تایبەتییەکەی خۆی لە شاری نیوم کە دەکەوێتە بیابانەوە لە بەشی باکووری رۆژئاوای سعوودیە ماوتەوە. راپۆرتە میدیاییەکانیش هۆکاری مانەوەکەی بۆ خراپی دۆخی تەندروستی دەگەڕێننەوە.


سەلمان عەبدولعەزیز؛ تەمەن ٨٥ ساڵان، لەساڵی ٢٠١٥ەوە و دوای مردنی پادشا عەبدوڵڵای برای "کە لە باوکییەوە برایەتی" کورسی دەسەڵات و پادشایەتی لە سعوودییە وەرگرت، لەو کاتەشەوە چەندین هەواڵ و راپۆرتی میدیایی تایبەت بە دۆخی تەندروستی ناوبراو بڵاوکراونەتەوە.

بەگوێرەی ژمارەیەک پسپۆڕ و شارەزای پزیشکی، دوای ئەو نەشتەرگەرییەی "زراو" کە لە تەمووزی پارساڵدا بۆ سەلمان عەبدولعەزیز ئەنجامدرا، دەرکەوتووە نەخۆشی لەبیرچوونەوەی هەیە، سەرباری چەند نەخۆشییەکی دیکە کە تا ئێستا پشتڕاستنەکراونەتەوە.

پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەی لە زراویدا، سەلمان عەبدولعەزیز چووە کۆشکە تایبەتییەکەی لە شاری نیۆم کە دەکەوێتە نێوجەرگەی بیابان و ناوچەکە تازە پەرەی پێدراوە و دەکەوێتە سەر کەناری دەریای سور، دواتریش لە رۆژی ١٢ی ئابی هەمانساڵدا، میدیای فەرمی شانشینی سعودیە رایگەیاند، "پادشای سعوودیە بەمەبەستی حەوانە و پشوودان چووەتە کۆشکە تایبەتییەکەی لە شاری نیۆم".

لەبارەی دۆخی تەندروستی و چۆنییەتی چاودێریکردنی سەلمان عەبدولعەزیزشەوە، بێرنارد هایکیڵ شارەزای کاروبار و سیاسەتی سعودیە لە زانکۆی پرینسیتۆنی ئەمریکی ئاماژەی بەوەکردووە، "لە کۆشکە تایبەتییەکەی چاودێریی وردتری پادشای سعودیە دەکرێت و دەیان پسپۆڕ و شارەزای پزیشکی ئەمریکی کە لە نەخۆشخانەی کلینیکی کڵیڤیڵاندی ئەمریکییەوە هاتوون، چاودێری وردی دۆخی تەندروستی دەکەن".

نەخۆشخانی "کلینیکی کڵیڤیڵاند"ی ئەمریکی، گەورە ناوەندێکی پزیشکیی ئەمریکییە و لەساڵی ١٩٨٠ەوە چاودێری و چارەسەری تەندروستی پێشکەش زۆرێک لە سەرۆک و فەرمانڕەواکانی جیهانی کردووە و لەنێویشیاندا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و چەندین ئەندامی خانەوادەی فەرمانڕەوای سعودیش.

لەبارەی دەنگۆکانی مردنی پادشای سعوودیەشەوە، بێرنارد هایکیڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێشبینییەکان بۆ ئەوەدەچن کە لە کۆتایی ئەمساڵدا سەلمان عەبدولعەزیز کۆچی دوایی بکات، بەڵام زۆرێکیان دەنگۆن و تا ئێستا زانیاریی ورد و دروست لەسەر دۆخی تەندروستی ناوبراو بەردەست نییە".

دوای کۆچی دوایی پادشای سعوودیە، جێنشینی پادشای سعودیە، محەمەدی کوڕی سەلمان عەبدولعەزیز؛ تەمەن ٣٦ ساڵان، پێشبینی دەکرێت کە شوێنی باوکی بگرێتەوە، بەڵام بێرنارد هایکێڵی شارەزای کاروباری سعوودیە دەڵێت، "جارێ ئەوە روون نییە کە شوێنی دەگرێتەوە یان نا".

نەورەس غەریب













گەلەری