سەردێڕ:

حکومەتی لیتوانیا ئەم بڕە پارەیە دەداتە ھەر کۆچبەرێک ئارەزومەندانە بگەڕێتەوە

PM:03:53:08/12/2021

14964 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی لیتوانیا رایگەیاند، ھەر کۆچبەرێک بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی ئەوا بڕی ھەزار یۆرۆی وەک دیاری پێدەدرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاغنی بیلۆتیتۆ وەزیری ناوخۆی لیتوانیا رایگەیاند، گەڕاندنەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتەکانی خۆیان پرۆسەیەکی ئاڵۆز و دروێژە و پێویستی بە کاتە.
ئاماژەی بەوەشدا، ساڵانە حکومەتی لیتوانیا بڕی ١١ ھەزار یۆرۆ بۆ یەک کۆچبەر خەرجدەکات و ئەمەش بارگرانی بۆ حکومەت دروستکردووە.
دەشڵێت، ئەوان ھەموو رێگەیەک دەگرنەبەر بە ئامانجی گێڕانەوەی کۆچبەران بەشێوەیەکی ئارەزومەندانە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.
ئاغنی بیلۆتیتۆ ئاشکرای کرد، بەشێکی زۆری ئەو پارەیەی بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران تەرخانکراوە، لەلایەن کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپاوە دابینکراوە.
بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی ناوخۆی لیتوانیا سەرجەم داواکاری ئەو کۆچبەرانە وردبینیان بۆ کراوە کە لەمانگەکانی ھاوین و ئەیلولدا لە سنورەکانی بیلاروسیاوە بەشێوەی نایاسایی چوونەتە ناو ئەو وڵاتەوە.
لەبارەی پێدانی مافی پەنابەرێتی، حکومەتی لیتوانیا رایگەیاند، لە کۆی سێ ھەزار و ٢٧٢ داوا کە بەمەستی پێدانی مافی پەنابەرێتی پێشکەشی حکومەتی ئەو وڵاتە کراوە، تەنھا ٥٤ داواکاری وەرگیراوە و مافی پەنابەرێییان پێدراوە.

لەبەرامبەردا ٨٦ دۆسییە داخراوە و ٤٨ دۆسیە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.

بەگوێرەی وتەی وەزیری ناوخۆی لیتوانیا، زۆرینەی ئەو کۆچبەرانەی کە گەشتونەتە لیتوانیا کۆچبەری راستەقینە نین و پاساوی پێویستیان نییە بۆ بەدەستهێنانی مافی پەنابەرێتی لەو وڵاتەدا.

هاوکات لە راگەتابدراوەکەدا هاتووە، بڕیاری پاڵپشتی دارایی بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران تا ٢٠ی مانگی کانونی دووەمی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت و تەنها بۆ ئەو کۆچبەرانەیە کە لە ئێستا لەسەر سنوری لیتوانیا بوونیان هەیە.

دەشڵێت، ٤٠٠ کۆچبەری نایاسایی لە سنورەکان دەرکراون کە ٣٤٥ یان بە شێوەی خۆبەخشانە چونەتە دەرەوە لە وڵاتەکە.

ئەمەش لە کاتێکدایە نزیکەی ٤٢٠٠ کۆچبەر لە سنوری بیلاڕوسیاوە چونەتە ناو خاکی لیتوانیاوە لە ماوەی ئەمساڵدا و حکومەتەکانی ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا مینسک تۆمەتبار دەکەن بە بەکارهێنانی کۆچبەران وەک چەکێک دژی یەکێتی ئەوروپا.














گەلەری