سەردێڕ:

راوێژکاری نوێی ئەڵمانیا ھەڵبژێردرا

PM:02:51:08/12/2021

6000 جار خوێندراوەتەوە

پاش چەندین ھەفتە لە گفتوگۆ و دانووستان، پەرلەمانی ئەڵمانیا "بوندێستاگ" ئۆلاف شولتسی بە راوێژکاری ئەڵمانیا ھەڵبژارد، یەکەم جاریشە کە حکومەتی ئەڵمانیا لە ھەریەکە لە پارتی سۆشیال لیبڕاڵ و پارتی سەوزی ئەڵمانیا پێکبھێنرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە، پەرلەمانی ئەڵمانیا بەزۆرینەی دەنگ ئۆلاف شولتسی لە حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا وەک راوێژکاری ئەڵمانیا ھەڵبژارد و دەچێتە شوێنی ئەنگێلا مێرکڵ.
ئۆلاف شولتس دەبێتە حەوتەم راێژکاری کۆماری ئەڵمانیا و چوارەم راوێژکاری پارتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا، پاش لە ھەریەکە لە فێڵی برانت و ھیلموت شمیت و گیر ھارد شرودر، جگە لەمەش ئەم حکومەتەی ئێستا، دەبێتە یەکەم حکومەتی ھاوبەشی نیشتیمانی کە ھەریەکە لە پارتی سەوز و لیبڕاڵ شانبەشانی پارتی سۆشیال دیموکرات، حکومەتی ھاوپەیمانی پێکدەھێنن لە مێژووی نوێی ئەڵمانیادا. 
شولتس رۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە سەرکەوتنی پارتەکەی لە ھەڵبژاردنە گشتییەکەی ئەمساڵی وڵاتەکەیدا، تەمەنی ٦٣ ساڵانە، لە کابینەکەی ئەنگێڵا مێرکڵی راوێژکاری ئێستای ئەڵمانیادا، سەرۆکی شارەوانی ھامبۆرگ، وەزیری دارایی و دواتر و تا ئێستاش جێگری راوێژکاری ئەڵمانیا بووە، ئەمڕۆش بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانی ئەڵمانیا وەک حەوتەم راوێژکاری ئەڵمانیا ھەڵبژێردرا و کۆتایی بەحکومی ١٦ ساڵانەی ئەنگێڵا مێرکڵ ھێنا.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ و لە مەراسیمێکی تایبەتدا، ئەنگێڵا مێرکڵی تەمەن ٦٧ ساڵ دەسەڵات و پۆستی راوێژکاری گەورەترین وڵاتی ئەوروپا رادەستی پاڵێوراوی ھەڵبژێردراوی نوێی ئەڵمانیا بکات، شارەزایانی بواری سیاسیش، ئەمڕۆ بە "رۆژێکی مێژوویی لە مێژووی ئەڵمانیا ناودەبەن". 
دوای ھەڵبژاردن و پەسەندکردنیشی لەلایەن فرانک واڵتەر سەرۆکی کۆماری ئەڵمانیا لە کۆشکی "بیڵیڤو"، شولتس دەگەڕێتەوە پەرلەمان و لەبەردەم ئەندامانی پەرلەمان و یاسا داڕێژەرانی ئەڵمانیادا سوێندی یاسایی دەخوات، بڕیاریشە حکومەتی نوێی ئەڵمانیا کاتژمێر ١:٣٠ خولەکی پاش نیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆیی ئەڵمانیا رابگەیەنرێت، پاش ئەوەی شولتس و ئەندامانی کابینە وەزارییەکەی سوێندی یاساییان خوارد.
گۆڕانی کەشوھەوا، ئاستی ئابووری ھاوڵاتیانی ئەڵمانیا، پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ وڵاتانی جیھان، قەیرانەکانی یەکێتی ئەوروپا و ھەماھەنگییە جیھانییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، دۆخی کۆچبەران و لەسەرووھەمووشییەوە، دۆخی ڤایرۆسی بەربڵاوی کۆرۆنا و بڵابوونەوەیی، ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانەدەبن کە لەبەردەم کابینە وەزارییەکەی راوێژکاری نوێی ئەڵمانیادان. 
لە دەنگدانەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی ئەڵمانیادا، شولتس لەکۆی ٧٣٦ کورسی پەرلەمانی ئەڵمانیا "بوندێستاگ" توانیویەتی ٣٩٥ دەنگی بەڵی بەدەستبھێنێت، لەبەرامبەر ٣٠٦ دەنگی نەخێر و سێ دەنگی پوچەڵ. بۆ بەدەستھێنانی کورسی راوێژکاری ئەڵمانیاش ھەر پاڵێوراوێک پێویستی بە "٣٩٥" دەنگی پەرلەمان ھەیە، کە لە پەرلەمانی ئەڵمانیادا، ھەریەکە لە پارتی سۆشیال دیموکرات، پارتی سەوز و پارتی ئازادیی دیموکراتی خاوەنی ٤١٦ کورسی پەرلەمانین. 
پاش ھەڵبژاردنی، ئۆلاف شولتس راوێژکاری ھەڵبژێردراوی ئەڵمانیا و ئەندامانی کابینە وەزارییەکەی دەچنە "کۆشکی بیڵیڤۆ" کە تەنھا دوو کیلۆمەتر لە پەرلەمانەوە دوورە. 
دوای ھەڵبژاردنە گشتییەکەی ساڵی رابردووش، ١٦ وەزیری نوێ لەلایەن سەرۆکوەزیرانی حکومەتی ئەڵمانیاوە دەستبەکاردەبن بۆ تەواوکردنی پێکھاتەی حکومەتی ئەڵمانیا پاش ئەوەی لەلایەن سەرۆکی ئەڵمانیاوە پەسەند کران، ئەمەش پاش تێپەڕبوونی دەیان ھەفتە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنە گشتییەکەی ئەو وڵاتە. 
ئەڵمانیا، حەوتەم گەورە وڵاتی ئەوروپایە و دەکەوێتە ناوەندی ئەو کیشوەرەوە، لە باکوورەوە لەگەڵ دانیمارک، لە رۆژئاواوە لەگەڵ پۆڵندا و کۆماری چیک، لە باشووری رۆژھەڵاتەوە لەگەڵ نەمسا ھاوسنوورە، دووەم گەورە وڵاتی ئەوروپایە دوای روسیا لەرووی ژمارەی دانیشتوانەوە، دەکەوێتە نێوان دەریای باکوور و باڵتیک لە باکوور و چیاکانی ئاڵپ لە باشوورەوە. 
ئەڵمانیا پایتەختەکەی بەرلینە، ژمارەی دانیشتوانەکەی ٨٣ ملیۆن و ٢٤ ھەزار کەسە بەگوێرەی ئاماری ساڵی ٢٠٢٠، رووبەرەکەشی ٣٥٧ ھەزار و ٢٢ کیلۆمتەری چوارگۆشەیە و دراوی فەرمیشی یۆرۆیە. 

نەورەس غەریب












گەلەری