سەردێڕ:

ژمارەی چەکدارانی هێزە هاوبەشەکەی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئاشکرا کرا

PM:12:51:08/12/2021

22624 جار خوێندراوەتەوە

ئەو هێزە هاوبەشەی لە پێشمەرگە و سوپای عێراق لە مانگی تشرینی دووەم لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بڕیاری پێکهێنانی درا بۆ پاراستنی ئەمنییەتی ناوچە جێناکۆکی لەسەرەکان، دەگاتە هەشت هەزار ئەندام.


عەلی فەیلی بە ماڵپەڕی ئێندپێندینتی عەرەبی راگەیاند، ئەو دوو لیوا ھاوبەشەی لە ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دروستدەکرێن، پێشمەرگە رێژەی٣٠٪ و سوپای عێراق رێژەی ٧٠٪ پێکدەھێنن.

عەبولئەمیر شمری جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، کۆبوونەوەی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە لەدوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی وەرزی نێوان هەردوولا ئەنجامدرا.

دەشڵێت، لە رابردوودا چەند ناوەندێکی هەماهەنگی هاوبەش لە دیالە و کەرکوک و مەخمور و خۆرئاوای نەینەوا کرانەوە، هەروەها دوو ناوەندی سەرەکیش لە بەغدا و هەولێر کرانەوە و بەشێوەی کردارەی ئەم ناوەندانە دەستیان بەکارەکانیان کردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆبوونەوەکەدا دەسەڵات دراوەتە هەردوولا بۆ هاوکاریکردن و هەماهەنگی کردن و جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنەکان لە رێگەی دەزگای دژە تیرۆر و هێزی تایبەتی سوپای عێراق و دەستەبژێرێک لە هێزەکانی پێشمەرگە.

ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارە دوو لیوای هاوبەش بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ئەو ناوچانەی بۆ پێشمەرگە و سوپای گرنگن پێکبهێنرێت.

لەلایەن خۆیەوە، جەبار یاور ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، کە سەرۆکایەتی شاندی وەزارتی پێشمەرگەی کرد لە بەغدا، رایگەیاند، ژوری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لە چوار میحوەرەوە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بەکارەکانی دەکات.

دەشڵێت، ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکە بە هاوبەشی هێزە ئەمنییەکانی فیدڕاڵی و هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکان ئەنجامدەدرێت.

لەبارەی سەرنەکەوتنی هەماهەنگی نێوان سوپای عێراق هێزەکانی پێشمەرگە، سەرمەد بەیاتی شارەزا لە بواری ئاسایشدا بە مالپەڕی ئیندپێندێنتی عەرەبی راگەیاند، لە رابردوودا هەردوولا شەش ناوەندی هامەهەنگییان دامەزراند. بەڵام سەرکەوتوونەبوون لە کارەکانیاندا، سنوری ناوچە جێناکۆکەکان فراوانە و هێزیک بەتەنها ناتوانێت پارێزگاری لێبکات.

وتیشی، لە ئێستادا زووە هەڵسەنگاندن بۆ ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەمجارەی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بکرێت.

دەشڵێت، شتێکی نەگونجاوە لە سەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای سەربازیدا نەتوانرێت کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانە نەکرێت کە داعش جموجوڵەکانی تێدا ئەنجامدەدات.

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە چەکدارانی داعش لەناوچە جێناکۆکەکان، کە ناوچەیەکە بۆشایی ئەمنی زۆری تێدایە جموجوڵ و هێرشەکانی بۆسەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەستپێکردووە و بەهۆیەوە تا ئێستا ٢٢ پێشمەرگە و سێ هاوڵاتی شەهیدبوون.

دوێنێش، وەزارەتی پێشـمەرگەی حکومەتی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرۆکایەتی جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەت بەرەو بەغدا بەرێکەوتون بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەکە و مەترسیەکانی داعش، هەنگاوەکان لەبارەی چارەکردنی کێشەکانی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بڕیارە شاندەکەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم کۆبوونەوەیەکی تر لەنێوان ئەمینداری گشتی وەزارەت و ئەمینداریەتی گشتی بەرگری بەغدا لە ناو وەزارەتی بەرگری عێراق و هەواڵگری سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە و هەواڵگری بەرگری عێراق لە فەرماندەیی ئۆپەراسێۆنە هاوبەشەکان بەڕێوەبچێت.













گەلەری