سەردێڕ:

ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگە و سوپای عێراق دژ بە داعش دەستیپێکرد

AM:09:50:08/12/2021

3916 جار خوێندراوەتەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ھێزەکانی پێشمەرگە بە ھاوبەشی سوپای عێراق، ئۆپەراسیۆنێکیان لە ھەردوو میحوەری گەرمەسێر و قەرەتەپە بۆسەر حەشارەگەکانی گرووپی چەکداری داعش دەستپێکرد.


لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێم رایگەیاندووە، "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە ھەردوو میحوەری یەکی گەرمەسێر و دووی قەرەتەپە، ھێزەکانی پێشمەرگە بەمەبەستی دوورخستنەوەی مەترسییەکانی چەکدارانی داعش و لەناوبردنی مۆڵگەکانیان، ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان لەو ناوچانەدا ئەنجام دا، کە دەکەونە ناوچەی بایەخپێدراوی ئەمنی ھاوبەش لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی".

وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوەکەیدا ئەوەیشی خستووەتەڕوو، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لە میحوەری گەرمەسێرەوە ھەریەک لە لیواکانی سێ و پێنجی پیادە و لە میحوەری دووی قەرەتەپەوە لیواکانی ۱۷ و نۆی پیادەی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ چەند یەکەیەکی ھێزەکانی ٧٠ بەشداریی تێدا دەکەن.

هاوکات، ئۆپراسێۆنی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە قەرە سالم، لە سنوری ناوچەی شێخ بزێنی دەستیانکرد بە کێوماڵکردنی سنورەکە.

ئەم ئۆپەراسیۆنەی ناوچەی قەرەسالم داوای ئەوە دێت کە لەچەند ڕۆژی ڕابردودا، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە بەو هۆیەوە چوار پێشمەرگە شەهید بوو.

لەبارەی وادەی ئۆپەراسیۆنەکەوە، وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوەکەیدا ئەوەی خستوەتەڕوو، ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوام دەبێت تا بەتەواوەتی کیۆماڵی ناوچەکە دەکرێت، دەشڵێت، "ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنانەدایە کە پێشتر کراون".

ئەمەش لەدوای ئەوەدێت، ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ٢ی ئەم مانگەدا، چەکدارنی داعش ھێرشیانکردە سەرگوندی خدرجیجە و لە ئەنجامدا ١٣ پێشمەرگە و ھاوڵاتی شەھیدبوون و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

لە شەوی ٢٧ی مانگی رابردوو، لە ناحیەی کوڵەجۆی گەرمیان داعش ھێرشیکردەسەر سەنگەرەکانی پێشمەگە و لەکاتێکدا یارمەتی بۆ ھێزەکان رۆشتبوو بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و پێنج پێشمەرگە شەھید بوون و چوار پێشمەرگەش بریندار بوون.

لە ٢٩ی مانگی رابردووشدا، لە سنووری کفری لەلایەن چەکدارانی داعش ھێرشکرایە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە و لە ئەنجامی ھێرشەکەشدا دوو پێشمەرگە شەھید بوون و سێ پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.













گەلەری