سەردێڕ:

سبەینێ ئەم شوێنانە موچە وەردەگرن

AM:11:30:26/07/2021

130336 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، خشتەی نوێی موچە لەمڕۆوە بە وەزارەتی تەندروستی دەست پێدەکات و سبەینێ موچەی وەزارەتی پێشمەرگە و دارایی و یەکەی حەفتا و هەشتا دابەش دەکرێت.


ئەمڕۆ دووشەممە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بە گوێرەی خشتەی نوێی موچە، سبەینێ موچەی وەزارەتی پێشمەرگە و دارایی و یەکەی حەفتا و هەشتا دابەش دەکرێت.

 

دوێنێ چاوگێک لە وەزارەتی دارایی هەرێم دابەشکردنی موچەی لە ئەمڕۆدا پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، وەزارەتی تەندروستی وەک یەکەم وەزارەت موچە وەردەگرن. ئەمەش دوای یەک ساڵ و یەک مانگ و چوار رۆژدێت حکومەتی هەرێم موچە بە بێ لێبڕین دابەشدەکات.

لە وتارێکیدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی، "بڕیاری ئەنجومەنی باڵای ئابوورییە، کە لەم مانگەوە بەبێ لێبڕین موچە دابەشکرێت، ئەگەر حکومەتی عێراق لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێم بەردەوام بێت."

چەند مانگێک پێش ئێستا و سەرەتای ئەمساڵ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پۆستێکدا رایگەیاندبوو، کە ئیتر هەڵبژاردن نزیکە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن هەموو مانگێک موچە دەدرێت و پاشەکەوت لادەبرێت.

وەک ئاماژەیەک بۆ ئەم بڕیارانەی دەسەڵات کە بەردەوام پێش هەڵبژاردن دەریاندەکات، بەوتەی سەرۆکی نەوەی نوێ، دەسەڵات بیری هاوڵاتییانی دەکەوێتەوە و دوای هەڵبژاردنیش خەڵکیان لەبیر دەچێتەوە.

هەر دوابەدوای بڕیارەکەی حکومەت، ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتوو لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوەدا، لابردنی دزینی موچە نەدەسکەوتە نەمژدەی گێڕانەوەی ماف وهەڵگرتنی ستەمێکە و چوار هۆکار لەپشت هەڵگرتنی لێبڕینی مووچەوەیە.

لە درێژەی راگەیەنراوەکەیدا ئاماژە بە هۆکارەکانی کۆتایی پێهێنانی موچەدەکات و دەڵێت، هیچ پاساوێک نەماوە بۆلێبڕین بەهۆی ناردنی دووسەد ملیاری بەغداد و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وزیادبوونی داهاتی ناوخۆ و نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

ئەوەش لە کاتێکدایە بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم هەموو جارێک و لە کاتی نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن بڕیاری جیاجیا دەدەن و پێشتریش ساڵی ٢٠١٨ هەمان کارییانکرد و دوو مانگ پێش هەڵبژاردن موچەیان چاککرد.

بڕیاری لێبڕینی موچە لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ لەلایەن کابینەی نۆیەمەوە درا و لەپاش یەک ساڵ و یەک مانگ و چوار رۆژ بڕیاری لێبڕینی موچە هەڵوەشایەوە.







گەلەری