سەردێڕ:

لەبارەی سنوری ئۆکرانیاوە؛ بایدن و پوتین دەستیان بە کۆبوونەوە کرد

PM:06:28:07/12/2021

4704 جار خوێندراوەتەوە

لە ئێستادا هەریەکە لە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا دەستیان بە کۆبوونەوە کرد و کۆبوونەوەکەیان تایبەتە بە زیادبوونی گرژییەکان لەسەر سنوری ئۆکرانیا.


میدیا جیهانییەکان رایانگەیاند، هەریەکە لە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا بەشێوەی ئۆنلاین و تایبەت بە زیادبوونی گرژییەکان لەسەر سنوری ئۆکرانیا دەستیان بە کۆبوونەوە کرد.

لەو بارەیەشەوە، جێن پساکی وتەبێژی کۆشکی سپی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "بایدن لەبارەی چالاکییە سەربازییەکانی روسیا لە سنورەکانی ئۆکرانیا لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفڕانسەوە کۆدەبنەوە و بایدن پشتگیری خۆی بۆ یەگگرتوویی و سەروەری خاکی ئۆکرانیا دووپات دەکاتەوە."

لە دوورۆژی رابردووشدا کۆشکی سپی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، "جۆ بایدن نیگەرانییەکانی ئەمریکا لەبارەی چالاکییە سەربازییەکانی روسیا لە سنوری ئۆکرانیا دووپات دەکاتەوە."

لای خۆشییەوە، دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کریملین ئەوەی خستەڕوو، جگە لە چالاکییە سەربازییەکەی روسیا، بایدن و پوتین گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان دەکەن.

رۆژی هەینی رابردوو، جۆ بایدن رایگەیاند، کۆمەڵێک دەستپێشخەری داڕشتووە وادەکات کە "زۆر زەحمەت بێت" بۆ روسیا بارودۆخەکە لە سنورەکەی خۆی لەگەڵ ئۆکرانیا پەرەپێبدات کە مۆسکۆ چەند هەفتەیەکە سوپا و کەلوپەلی تێدا زیاترکردووە.

بارودۆخی سنووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ترسی ئەوەی دروستکردووە کە مۆسکۆ پلانی داگیرکردنی دراوسێکەی هەبێت، هێرشەکانی روسیاش لەم هەفتەیەدا تەوەری کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ بوو و سکرتێری گشتی ناتۆ هۆشداری داوەتە روسیا کە هەر ئاڵۆزبوونێکی دۆخەکە دەرئەنجامێکی خراپی لێدەکەوێتەوە.

لە بەرامبەردا، مۆسکۆ دەڵێت، "لەوانەیە ئەمەریکا و ئۆکرانیا هێرش بکەنە سەرمان."














گەلەری