سەردێڕ:

چی بکەین بۆ ئەوەی پێوەرە زیرەکەکەمان نەکوژێتەوە؟

AM:11:23:26/07/2021

27688 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبای هەرێم چەند رێنماییەکی بڵاوکردەوە بە ئامانجی رێگریکردن لە کوژانەوەی پێوەری زیرەک. دەشڵێت، "دەبێت ئامێرەکان بە پێی پێویستی و لە کاتی جیاوازدا بەکاربهێنرێن".


ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی کارەبای هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بە گرتنەبەری چەند هەنگاوێکداوە تا پێوەری زیرەکی ماڵان نەکوژێتەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، ئەگەر ماڵێکی نمونەیی ٣٥ ئەمپێر کارەبای هەبێت، ئەوا دەبێت بەکارهێنانی بڕی کارەبای نەگاتە ٤٠ ئەمپێر، چونکە راستەوخۆ پێوەری زیرەکی ماڵەکەی دەکوژێتەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، گرنگە بزانین چ ئامێرێک بەکاردەهێنین و تواناکەیان چەندە؟ چونکە:

١- هەندێک ئامێری کارەبایی لە ماڵدا پێویستن و دەبێت بە بەردەوامی کار بکەن، وەک (ساردکەرەوە، فێنککەرەوە و هەندێک گڵۆپ) کە بە گشتی بۆ هەر ماڵێک تا شەش ئەمپێریان پێویستە.

٢- سپلێت و بۆیلەر بە شێوەیەکی گشتی هەریەکەیان ١٣ ئەمپێریان پێویستە، ئەگەر سپلێت دوو تۆن و بۆیلەر سێ هەزار وات بێت. سپلێت بە گوێرەی تۆن لە پێنج تا ٢٢ ئەمپێری هەیە، بۆیلەریش لە پێنج تا ١٣ ئەمپێر.

٣- مەکینەی جلشۆرین چوار تا هەشت ئەمپێری پێویستە.

٤- مەکینەی قاپشۆرین چوار تا ١٠ ئەمپێری پێویستە.

٥- هەریەکە لە گسکی کارەبایی و ئوتوو چوار تا حەوت ئەمپێریان پێویستە.

٦- فڕن و قۆری و کتریی ئاو گەرم کردن نزیکەی هەشت بۆ ١٠ ئەمپێریان پێویستە.

٧- وشککەرەوە چەند جۆرێکە لە پێنج تا ١٠ ئەمپێریان هەیە.

دەشڵێت، هاوڵاتی دەتوانێت لای خۆیەوە بڕی پێویستی ئامێرەکانی ماڵ بزانێت، چونکە هەر ئامێرێک لەسەری نووسراوە کە چەند کارەبای پێویستە.

جا بۆ ئەوەی بتوانیت بە دروستی کارەبا بەکار بهێنیت و کار نەکاتە سەر کوژانەوەی پێوەرەکە، دەبێت ئامێرەکان بە پێی پێویستی و لە کاتی جیاوازدا بەکاریان بێنی.

ئەمە لەکاتیکدایە، لە ٢٧ تەموزەوە، ماوەی کوژاندنەوەی پێوەری زیرەک لە ٤٥ خولەکەوە بۆ ٢٠ خولەک کەم دەکرێتەوە.

هەر پێوەرێکی زیرەکی هاوبەشی کارەبا بۆ ماڵان ٤٠ ئەمپێر کارەبا بۆ هاوبەشەکە دابین دەکات، لە ئەگەری بەکارهێنانی کارەبا لەم رێژەیە زیاتر، کارەباکەی بۆ ماوەیەک دەکوژێتەوە، تا دواین جار دەگاتە ٤٥ خولەک.

وەزارەتی کارەباش داوا لە هاوبەشانی کارەبا دەکەن بە پێی ئەم بڕە کارەبایە کە بۆیان دیاریکراوە، بەکاربهێنن و یارمەتیدەری بەدیهێنانی دادپەوەری لە پرۆسەی دابەشکردنی کارەبادابن.













گەلەری