سەردێڕ:

وێنە.. ژمارەی گیانلەدەستدان بەھۆی گڕکانی سیمیروو لە ھەڵکشاندایە

PM:01:13:07/12/2021

1920 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی دوو رۆژ پێش ئێستا؛ گەورە گڕکانی سیمیروو لە دوورگەی جاوەی ئیندۆنیسیا تەقیەوە و لە ئەنجامدا ١٣ کەس گیانیانلەدەستدا، دواتر ژمارەکەیان بۆ ٢٢ کەس بەرزبووەوە، لە ئێستادا ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی گڕکانەکەوە گیانیانلەدەستدا بۆ ٣٤ ھاوڵاتی بەرزبووەوەتەوە.


ئەمڕۆش سێشەممە، وتەبێژێک بە ناوی ئیدارەی کارەساتە سروشتییەکانی ئیندۆنیسیا رایگەیاند، "رێژەی ئەو کەسانەی بەھۆی گڕکانەوە گیانیان لەدەستداوە بۆ ٣٤ کەس بەرزبووەتەوە".
ئاژانسی ھەواڵی فرانس پرێسیش بڵاویکردووەتەوە، لە ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی گڕکانەکەوە گیانیانلەدەستداوە گەشتوەتە ٣٤ کەس و ١٧ کەسیش بێسەرووشوێنبوون.
ئاماژەی بەوەشدا، بەھۆی گڕکانەکەشەوە نزیکەی ١٠ گوند بەتەواوی خاپووربوون و دوکەڵ و تۆز و خۆڵێکی زۆریش ئاسمانی ناوچەکەی تەنیوە.
ئاژانسەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھەر بەھۆی گڕکانەکەشەوە، تا ئێستا نزیکەی ٥٠ کەس برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانەکراون، کە ٤٠ کەسییان بەھۆی ئاگری گڕکانەکەوە برینداربوون.
گڕکانی سیمیروو؛ دەکەوێتە بەشی سەرەوەی دورگەی جاوە، یەکێکە لەو ١٣٠ گڕکانە گەورەیەی کە لە ئیندۆنیسیادا ھەن.
 لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووش، گڕکانەکە تەقییەوە و بەبەرزی سێ ھەزار و ٦٧٦ مەتر تۆز و دوکەڵی فڕیدایە دەرەوە، بەڵام ھیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە. 
ئیندۆنیسیا، دانیشتوانەکەی بە ٢٧٠ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت، رووداوە سروشتییەکانی وەک بومەلەرزە و ھەڵچوون و روودانی گڕکانەکان زۆرجار تیایدا روودەدەن، لەنێویشیاندا رووداوی سرووشتی "زنجیرەی ئاگر"ینە کە لە سنووری ئەو وڵاتە و لە نیو زەریای ھندیدا روودەدات.












گەلەری