PM:09:45:06/12/2021
38932 جار خوێندراوەتەوە
بەپێی راگەیەندراوێکی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیارێکی نوێی دەرکردووە و تیایدا هاتووە، هەر گەشتیارێک سەردانی ئەو وڵاتە بکات، پێویستە کارتی ڤاکسین و ئەنجامی پشکنینی ڤیرۆسی کۆرۆنای پێبێت، کە ماوەی ئەنجامدانی لە ٤٨ کاتژمێر زیاتر نەبێت.
راگەیاندنی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاریداوە کە هەر گەشتیارێکی عێراق و هەرێمی کوردستان لەکاتی سەردانیکردنیدا بۆ وڵاتی ئێران، پێویستە کارتی ڤاکسینی کۆرۆنا و هەروەها پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای پێبێت کە پشکنینەکەی ماوەی ٤٨ کاتژمێر زیاتر نەبێت.
لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، بڕیارەکە لە رۆژی پێنجشەممە رۆژی ٩ی ئەم
مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، لە رۆژی جێبەجێکردنی
بڕیارەکەوە، رێگە بەتێپەڕبوونی هیچ گەشتیارێک بۆ وڵاتی ئێران نادەن، ئەگەر کارتی
ڤاکسین و پشکنینی کۆرۆنایان پێنەبێت.
لەماوەی رابردووشدا، حکومەتی تاران و بەغدا
بڕیاران بە هەڵگرتنی ڤیزای نێوانیان دا، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە،
بۆ ماوەیەک قەدەغەی گەشتکردن لەنێوان هەردوولادا جێبەجێکرا.