ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، "پێویستە سەرجەم كۆلێج و بەش و مامۆستایانی زانكۆكەمان پابەندبن بە وانەوتنەوە و تاقیكردنەوەكان لەكاتی دیاریكراو بەپێی خشتەی وانە و تاقیكردنەوەی كۆلێجەكان".
لە راگەیەندراوێکدا، ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی داوا لە تەواوی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی دەکات کە پابەند بن بە خشتەی دەوام و تاقیکردنەوەکان بەگوێری خشتەی وانەی کۆلێجەکان و رۆژمێریی ساڵی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢.
ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی دەشڵێت، "رێگەنەدرا
لە ڕۆژانی ڕابردوو هیچ خوێندكارێكی زانكۆكەمان سزا بدرێت لەبەرامبەر داواكردنی مافە
ڕەواكانی".
ئەم راگەیەندراوەی ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی
لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای
پێدانی دەرماڵەکانییان کرد، هاوکات بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێکیش رێگای سەرەکی
سلێمانی-تاسوڵجەیان داخست.
لەماوەی رابردوودا، بە ئامانجی باشترکردنی
خزمەتگوزارییەکانی بەشەناوخۆییەکانیان و دووبارە پێدانەوەی دەرماڵەکانیان،
خوێندکارانی زانکۆکانی ھەرێم خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و بۆماوەی پێنج رۆژ بەردەوام
بوو.
بەھۆکاری بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکان گرژی و
ئاڵۆزی لە نێوان خوێندکاران و ھێزە ئەمنییەکان دروستبوو و ژمارەیەک خوێندکار و
چالاکوان و رۆژنامەنوس دەستگیرکران.
لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی ھەرێم لە
زانکۆ و پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی ٤٠ ھەزار دینار
و بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ ھەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە
بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی ١٠٠ ھەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە
باسیان دەکرد، ئەو بڕە پارەیە لانی کەم کرێی ھاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن.