قایمقامی قەزای شنگال رایگەیاند، پێنج گۆڕی دیکەی بەکۆمەڵ لە شەنگال دۆزراونەتەوە، دەشڵێت، "تا ئێستاش ژمارەی ئەو گۆڕەبەکۆمەڵانەی دۆزراونەتەوە، گەیشتووەتە ٩٠ گۆڕ".
مەحما خەلیل قایمقامی قەزای شنگال بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی باسی لەوەکردووە، لە قەزای شنگال لە ناوچەی عەین فەتحی لە سنووری ناحیەی قەیرەوانی سەر بە قەزای شنگال، دانیشتوانەکەی عەرەبن لە ھۆزی ئێلا متێتا و دەستێکی باڵایان لە کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان ھەبووە، تا ئێستا ١٥ رووفات دۆزراونەتەوە، کە چالاکوانەکانی کوردی ئێزدی و خەڵک دۆزیویاننەتەوە و زانیاریشمان بۆ ھاتبوو ئەو گۆڕانە لەو شوێنانە ھەن.
قایمقامی قەزای شنگال ئاماژەی بەوەکردووە، دۆزینەوەی
گۆڕی بەکۆمەڵ لە شەنگال بەردەوام ژمارەیان لەزیادبووندایە و تا ئێستا ٩٠ گۆڕی بەکۆمەڵ
لە ناوچە جیاجیاکانی شەنگال دۆزراونەتەوە.
مەحما خەلیل ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی عێراق
ژمارەیەکی زۆر رووفاتی لە گۆڕەبەکۆمەڵەکان بردووە بۆ بەغدا بۆ پشکنین و، تا ئێستاش
نەیگەڕاندوونەتەوە، بەڵام بڕیارە لەم مانگەدا ٤١ رووفات بگەڕێنێتەوە.
ئێزیدییەکان؛ نیشتەجێی عێراق و هەرێمی
کوردستانن بە کوردی قسە دەکەن و ئایینی ئێزیدی ئایینی فەرمییانە، لە ساڵی ٢٠١٤دا
کاتێک گروپی چەکداری داعش پانتاییەکی بەرفراوانیان لە رووبەری هەردوو وڵاتی سوریا
و عێراق کۆنتڕۆڵکرد، دواتر و لە هەمان ساڵدا هێرشیان کردە سەر قەزای شەنگال کە زۆرینەی
ئێزیدییەکان تێیدا نیشتەجێن و "کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکانی" ئەنجامدا.
لە ئەنجامی پەلامارەکەی داعش بۆ سەر ئێزیدییەکان
بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، زیاتر لە سێ هەزار ئێزیدی کوژراون و نزیکەی شەش هەزاری دیکەش
دەستبەسەرکراون.
پێشتر، ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند،
"داعش جینۆساید و چەندین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگی دژ بە ئێزیدییەکان
ئەنجامداوە."
گرووپی چەکداری داعش له مانگى ئابى ٢٠١٤دا، هێرشىكرده
سهر شنگال و سەربارى ئاوارەبوونى ٤٠٠ ههزار كوردى ئێزیدى نزیکەى شەش هەزار ٥٠٠
هاوڵاتى ئەو قەزایە رفێندران و بەشێکیان شەهیدکرد و تا ئێستاش چارەنوسى بەشێک لە
رفێندراوەکان نادیارە.