سەردێڕ:

وەزارەتی کۆچی عێراق: ٢٦ هەزار ئاوارە چاوەڕێن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان

PM:03:49:06/12/2021

2808 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، لە پارێزگای دهۆک ١٦کەمپی ئاوارە هەیە کە زیاتر لە ٢٦ هەزار کەس تیایدا دەژین، دەشڵێت، "چاوەڕێن بەشێوەی ئارەزومەندانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان."


ئەمڕۆ دووشەممە، عەلی عەباس وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، بەهەموو شێویەک هەوڵدەدەن ئاوارەکان بگەڕێننەوە شوێنی خۆیان.

وتیشی، بە ئامانجی پشتگیریکردنی هەوڵەکانی وەزارەتەکەیان، بەردەوام لەگەڵ بەڕێوەبەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە عێراق (WFP) لە پەیوەندیدان.

عەلی عەباس بەوەشدا، بەرنامەی خۆراکی جیهانی خێمەی بۆ ئاوارەکان دابینکردووە و کاری کردووە لەسەر دابینکردنی خۆراک بۆ خێزانە ئاوارەکان.

لەلایەن خۆشییەوە، ئەسکەندەر ئەمین بەڕێوەبەری لقی پارێزگای دهۆکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران وتوویەتی، ١٦ کەمپی ئاوارە لە پارێزگاکەدا هەن کە ٢٦ هەزار ئاوارە و ٨٠٠ خێزانیان تێدا نیشتەجێن کە زۆربەیان خەڵکی شنگال و پارێزگای نەینەوان.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ٢٠١٤ دوای سەرهەڵدانی گروپی چەکداری داعش و کۆنترۆڵکردنی پارێزگای نەینەوا و شنگال و چەند ناوچەیەکی دیکە ژمارەیەکی زۆر خێزان و دانیشتوانی ئەو ناوچانە ئاوارە بوون و بەشێکیان روویان لە هەرێمی کوردستان کرد و لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی لە کەمپەکاندا نیشتەجێبوون.













گەلەری