سەردێڕ:

دوای زیاتر لە ساڵێک لە دابەشکردنی موچە بە لێبڕینی ٢١٪ەوە، بڕیارە ئەمڕۆ یەکەم موچە بێ لێبڕین دابەشبکرێت

AM:09:03:26/07/2021

8240 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی هەرێم دابەشکردنی موچەی لە ئەمڕۆدا پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، وەزارەتی تەندروستی وەک یەکەم وەزارەت موچە وەردەگرن.


دوێنێ لە وتارێکیدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی، "بڕیاری ئەنجومەنی باڵای ئابوورییە، کە لەم مانگەوە بەبێ لێبڕین موچە دابەشکرێت، ئەگەر حکومەتی عێراق لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێم بەردەوام بێت."

دوابەداوی بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت، ئاوات جەناب وەزیری دارایی هەرێم بە میدیای حزبەکەی راگەیاند، "بڕیاری هەڵگرتنی لێبڕینی موچەی موچەخۆران، جێبەجێکردنی بەڵێنی حکومەتی هەرێم بوو."

لەلایەن خۆیەوە، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "بۆیە لێبڕینی موچە نەما چونکە ئێستا داهات لە بەردەستی حکومەتدا هەیە و ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرەوە بڕوات لە مانگەکانی داهاتووشدا لێبڕینی موچە نامێنێت."

چەند مانگێک پێش ئێستا و سەرەتای ئەمساڵ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پۆستێکدا رایگەیاندبوو، کە ئیتر هەڵبژاردن نزیکە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن هەموو مانگێک موچە دەدرێت و پاشەکەوت لادەبرێت.

وەک ئاماژەیەک بۆ ئەم بڕیارانەی دەسەڵات کە بەردەوام پێش هەڵبژاردن کە بە وتەی سەرۆکی نەوەی نوێ، دەسەڵات بیری هاوڵاتییانی دەکەوێتەوە و دوای هەڵبژاردنیش خەڵکیان لەبیر دەچێتەوە.

هەر دوابەدوای بڕیارەکەی حکومەت، ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتوو لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوەدا، لابردنی دزینی موچە نەدەسکەوتە نەمژدەی گێڕانەوەی ماف وهەڵگرتنی ستەمێکە و چوار هۆکار لەپشت هەڵگرتنی لێبڕینی مووچەوەیە.

لە درێژەی راگەیەنراوەکەیدا ئاماژە بە هۆکارەکانی کۆتایی پێهێنانی موچەدەکات و دەڵێت، هیچ پاساوێک نەماوە بۆلێبڕین بەهۆی ناردنی دوو سەد ملیاری بەغداد و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وزیادبوونی داهاتی ناوخۆ.

دەشڵێت، بۆپێدانی رەوایەتی بەڕووداوەکانی سلێمانی و لەبیربردنەوەی ئەو دۆخەو بڵێن ئەوە شوێنەواروقازانجی بۆخەڵک دەرکەوت.

لە درێژەی راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بە نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دەکات و بە یەکێک لە هۆکارەکانی کۆتایی پێهێنانی لێبڕینی موچەی دەزانێت.

کۆتا هۆکار کە ئاشکرای کردووە کە گوشاری پارتی بووە، بەوەی یەکێتی چەندی ببڕیایە لەداهات پارتیش ئەوەندەی دەبڕی.

لە کۆتایشدا دەڵێت، دەسەڵاتی نابەرپرسیار و کۆیلەی دەربار، داهاتی میلەت وموچەیەک بەیاسا ڕێکخراوە بەدەسکەوت ومژدە دەیفرۆشنەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم هەموو جارێک و لە کاتی نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن بڕیاری جیاجیا دەدەن و پێشتریش ساڵی ٢٠١٨ هەمان کارییانکرد و دوو مانگ پێش هەڵبژاردن موچەیان چاککرد.

بڕیاری لێبڕینی موچە لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ لەلایەن کابینەی نۆیەمەوە درا و لەپاش یەک ساڵ و یەک مانگ و چوار رۆژ بڕیاری لێبڕینی موچە هەڵوەشایەوە.













گەلەری