بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، "ئێمە چەند مافیا و چەکدارێکمان هەیە و ناوچەی گەرمیانمان کۆنتڕۆڵکردووە."
دوێنێ یەکشەممە، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی لەگەڵ چەند خوێندکارێکدا کۆبووەوە و یەکێک لە خوێندکارەکان پرسیاری ئەوەی کرد، "داهاتی کێڵگەی نەوتی حەسیرە، داهاتی دەروازە سنورییەکان چی لێدێت؟ بۆچی لە خزمەتی خەڵک و خوێندکارانی گەرمیاندا نییە؟"
بافڵ تاڵەبانی دەڵێت،
"دەتوانیت بشپرسیت ئەو هەموو نەوتەی دیکە هەیە لە گەرمیان بۆچی کۆمپانیاکان
نایەن ئیشی لەسەر بکەن" لە قسەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت، "وەڵامەکەت
دەوێت؟ وەڵامەکەت بەدڵ نابێت."
لە وەڵامی پرسیاری خوێندکارەکەدا
وتی، "ئێمە چەند مافیا و چەکدارێکمان هەیە و ئەو ناوچەیەمان کۆنتڕۆڵکردووە،
ئەو کۆمپانیایانە یەک یەک خەریکە دەڕۆن و خەریکە ناوچەکە جێدەهێڵن و ئەو تۆزە
داهاتەی کە لێوەی دەستدەکەوێت نامێنێت."
بافڵ تاڵەبانی درێژە بە
وەڵامەکەی دەدات و ئاماژەی بەوەدەکات، "لەلای پارتی بەمجۆرە نییە کەس ناوێرێت
شتیوا بکات و من بە نیازم لە چەند هەفتەی داهاتوودا هێزێکی سەربازی بنێرم بۆ ئەو
سنوورە."
ئەوەش لەکاتێکدایە،
بەردەوام ناڕەزایەتی لە بابەتی نەگەڕانەوەی داهاتەکانی هەرێمدا هەیە و
پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن، داهات لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە ناگەڕێتەوە و
حزب دەستی بەسەر داهاتەکاندا گرتووە.
داهاتەکان لە هەرێم بەجۆرێکە
کە داهاتى نەوتى فرۆشراو بە بۆرى زیاتر لە ترلیۆنێک و ٢٠٠
ملیار دینارە و كۆى داهاتى ناوخۆش زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینارە لەگەڵ هاوكارى مانگانەى
هاوپەیمانان كە ٢٨ ملیار دینارە، بەڵام حكومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنى موچە چاوى لە
٢٠٠ میارەكەى بەغدایە.