سەردێڕ:

رەوتی سەدر لەبارەی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەوە روونکردنەوە دەدات

PM:05:33:05/12/2021

6160 جار خوێندراوەتەوە

‏ئەندامێکی رەوتی سەدر رایگەیاند، لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەدان، بەڵام لە حاڵەتی پێکنەهێنانیدا دەبنە ئۆپۆزسیۆنێکی کارا، دەشڵێت، "تائێستا هیچ هاوپەیمانێتییەک نەکراوە."


سادق حەسناوی ئەندامی نوسینگەی موقتەدا سەدر رێبەری ‏رەوتی سەدر رایگەیاند، سەدر لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی ‏زۆرینە دایە، بەڵام لە حاڵەتی پێکنەهێنانی حکومەتی زۆرینە وەک ئۆپۆزسیۆنێکی کارا ‏رۆڵی خۆی دەگێڕێت لە چێوەی چاودێریی پەرلەمانیدا، دەشڵێت، "نابینە بەشێک لە هیچ ‏حکومەتێکی تەوافوقی."

باسی لەوەشکردووە، حکومەتەکانی پێشوو لاوازبوون و کەموکوڕیی زۆریان ‏تێدابووە لەبەر ئەوەی لەسەر بنەمای سازان پێکهێنرابوون.

ئەوەشی خستەڕوو، رەوتی سەدر نایەوێت عێراق ببێتە ماڵی جیا جیا لە شیعە، سوننە و ‏کورد، بەڵکو دەیەوێت هەمووان بە ناسنامەی نیشتمانی عێراقییەوە هەوڵبدەن بۆ عێراقێک ‏کە هی هەموولایەک بێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەدر سەرجەم هێزە سوننی و کوردییەکانیش قبوڵ دەکات، ‏بەڵام تائێستا هیچ هاوپەیمانێتییەک بوونی نییە.

رۆژی ٢ ی ئەم مانگە، موقتەدا سەدر و لایەنە شیعییەکان لە ماڵی هادی عامری کۆبوونەوە و بەگوێرەی زانیارییەکان، رێککەوتن کراوە لە نێوان لایەنە بەشداربووەکاندا بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش تاوەکو ببێتە کارنامەی حکومەتی داهاتوو و بنەمایەکیش بێت بۆ پێشکەشکردنی بۆ هاوبەشە سیاسییەکانی دیکە.

لە مانگی ١٠ی ئەمساڵدا، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو و تیایدا بۆ یەکەمجار نەتەوەیەکگرتووەکان چاودێری هەڵبژاردنەکانی کرد، لە چەند رۆژی رابردووشدا کۆتا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە دوای تانەکان و پێداچوونەوەکان راگەیەنرا.













گەلەری