سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی هۆکاری سستی دابەشکردنی موچەی تشرینی دووەم ئاشکرا دەکات

AM:11:34:05/12/2021

15444 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی ھەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ رۆژی یەکشەممە وەک تەواوکاری موچەی وەزارەتی پەروەردە دەبێت و هۆکاری سستی مووچەشی بۆ ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و دەستبەسەرداگرتنی داهاتی حکومەت گەڕاندەوە.


چاوگێک لە وەزارەتی دارایی ھەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ رۆژی یەکشەممە وەک تەواوکاری رۆژی پێنجشەممە موچەی وەزارەتی پەروەردە و سبەینێش رۆژی دوشەممە موچەی ئەنجومەنی ئاسایش دابەش دەکرێت.

دەربارەی سست دابەشکردنی مووچەش هۆکارەکەی بۆ ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و دەستبەسەرداگرتنی داهاتی حکومەتدا گەڕاندەوە.

"ئەگەر داهاتەکان لەکاتی خۆیدا بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی دەتوانن لەکاتی خۆیداو بەبێ لێبڕین مووچە دابەش بکەن"، چاوگەکەی ئێن ئاڕتی وای ووت و ئەوەشیخستەڕوو، "٢٠٠ ملیارەکە پاڵپشتێکی دارایی باشە بەڵام نابێت هەموو پاڵپشتیەکمان لەسەر ئەوە بێت چونکە دیار نیە حکومەتی داهاتوو بەو رێککەوتنە رازی دەبێتەوە یان نابێت".

رۆژی ٤شەممەی رابردوو جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هۆکاری سستی دابەشکردنی مووچەی گەڕاندەوە بۆ دوو هۆکار یەکەم: دواکەوتنی پارەکەی بەغدا کەدەبێت مانگانە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی بکات و مانگی رابردووش دواکەوت رۆژی ٨ی ١١ پارەکە گەیشت گەرچی پێشتر بڕیاربوو هەموو ٢٥ی مانگێک بگات.

هۆکاری دووەمیشی بۆ سستی لەکۆکردنەوەی داهاتەکان گەڕاندەوە.

بەبڕوای بەشێک لەپەرلەمانتاران هۆکاری سەرەکی سستیە لە کۆکردنەوەی داهاتەکاندا لەلایەن حکومەتەوە، هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، داهات لە پارێزگای سلێمانی کۆناکرێتەوە بۆیە مووچە بە سستی دابەش دەکرێت. قوباد تاڵەبانیش ئەوەی بە تیمی پارتی لە حکومەت وتووە.

 سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەو تۆماتانەی رەتکردەوەو لەبەیاننامەیەکدا ئەوەی خستەڕوو:" كۆی گشتی پارەی داهاتی ناوخۆ كە بۆ موچە تەرخانكراوە لەمساڵدا تاوەكو رۆژی ٣٠ تشرینی دووەم بڕی (٢ ترلیۆن‌و ٥٥٩ ملیار) دینار بووە، لەم بڕە (ترلیۆنێك‌و ١٠٢ ملیار) دیناری لە داهاتی سلێمانی دابین كراوە.

لە مانگی تەمموزدا، ناردنی ٢٠٠ ملیار دیناری مانگانە بۆ ھەرێم، لەلایەن مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بڕیاری لەسەردرا، کە وەک سولفەیەکی مانگانە بۆ ھەرێمی بنێرێت و وەک موچە بە ھاوتای داھاتەکانی وەزارەتی دارایی بەسەر موچەخۆراندا دابەشبکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، داھاتی نەوتی فرۆشراو بە بۆری زیاتر لە ترلیۆنێک و ٢٠٠ ملیار دینارە و لەگەڵ ھاوکاری مانگانەی ھاوپەیمانان کە ٢٨ ملیار دینارە، ئەمانە جگە لەداهاتی ناوخۆ، بەڵام حکومەت بۆ دابەشکردنی موچە چاوی لە ٢٠٠ میارەکەی بەغدایە.








گەلەری