سەردێڕ:

سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە ئەمریکا

PM:10:39:25/07/2021

4716 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرەو واشنتۆن بەڕێکەوت و لە ئێستادا گەیشتووەتە ئەو وڵاتە و بڕیارە لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکادا کۆببێتەوە.


نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، کە سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ ئەمریکا ماوەی چەند رۆژێک دەخایەنێت کە لە میانیدا پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا لە بوارە جیاجیاکاندا و پرسە دووقۆڵییەکان کە جێگەی بایەخی ھاوبەشی ھەردوولان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکات.

مستەفا کازمی بەرلەوەی بەرەو ئەمریکا بەڕێبکەوێت رایگەیاند، سەردانەکەی لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی عێراق ئەنجام دەدات بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا کە لەسەر بنەمای رێزگرتن و ھاریکاری دووقۆڵیی لە بوارە جیاجیاکاندا بنیاتنراوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی ئەنتۆنی بلینکن و فوئاد حسێن وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و عێراق کۆبوونەوە و تیایدا گفتوگۆیان لەسەر چەند دۆسییەیەک کرد.

لەلایەن خۆشییەوە، جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممەی داهاتوو پێشوازی لە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و لەسەر چەند پرسێک گفتوگۆبکەن.













گەلەری