AM:11:16:15/12/2025
1088 جار خوێندراوەتەوە
سوننەكان کۆبوونەوە و سێ كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دیاریکردووە، داواشیان کردووە سەرۆک کۆمار پێش ٢٥ـی ئەم مانگە وادەیەک دیاری بکات بۆ یەکەم دانیشتنی پەرلەمان.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، چاوگێک لە هاوپەیمانی عەزم دەڵێت، لە كۆبوونەوەكەی شەوی رابردووی ئەنجومەنی سیاسی سوننەكاندا، هەموو وردەکارییەکانی تایبەت بە کاندیدکردنی سەرۆکی داهاتووی پەرلەمان تاوتوێ کراوە، وتیشی، ژمارەی کاندیدەکانی ئەو پۆستە لە شەش کەسەوە بۆ سێ کەس کەمکراوەتەوە، کە هەریەکە لە موسەننا سامەڕائی و محەمەد حەلبوسی و سابت محەمەد عەباسی، کە وەزیری بەرگریە.
باسی لەوەشکرد، نیمچە كۆدەنگییەك هەیە لەسەر هەڵبژاردنی موسەننا
سەمەڕائی، بەوپێیەی هەڵوێستەكانی چەسپاوە و میانڕەوە لە مامەڵە حزبی و
سیاسییەکانیدا.هاوکات دەوترێت ئەنجومەنی سوننەکان، لەماوەی ١٠ رۆژدا کاندیدی کۆتایی دەخەنەڕوو و هاوبەشەکانی
لە چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە کوردییەکان لە ناوی کاندیدەکە ئاگاداردەکەنەوە پێش
ئەوەی رایبگەیەنن ئەوەش بەمەبەستی گەیشتن بە کۆدەنگی سیاسی.