سەردێڕ:

دوو ئۆتۆمبێل پێکیاندادا و شەش کەس بریندار بوون

PM:08:55:04/12/2021

7916 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ رایگەیاند، رووداوێکی هاتوچۆ لەبەردەم نەخۆشخانەیەکدا روویداوە و دوو ئۆتۆمبێل پێکیانداداوە و شەش کەس بریندار بوون.


هەڵکەوت حەمەنەجم بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی چەمچەماڵ رایگەیاند، ئەمشەو لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لەبەردەم نەخۆشخانەی گشتی شەهید پێشڕەو شەش کەس بریندار بوون، کە تەندروستی یەکێک لە بریندارەکان کە گەنجێکی تەمەن ٢١ ساڵە خراپە.

هاوکات، شەریف رەحیم وتەبێژی تەندروستی چەمچەماڵ بۆ ئێن ئار تی باسی لەوەکرد، ئۆتۆمبێلەکان یەکێکیان دوو کەسی تێدابووە و ئەوی دیکە چوار کەسی تێدابووە، دەشڵێت، تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٢٨ ساڵدایە.

لە هەرێمیدا، بەگوێرەی ئامارەکانی هاتوچۆ لە ماوەی ۱۰ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا سێ هەزار و ٥٠٩ رووداوی هاتوچۆ روویداوە، کە بەهۆیەوە ٥٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و شەش هەزار و ٢٦ کەسیش برینداربوون.

بەپێی دوایین ئامار، لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ۹٥۰ هەزار ئوتۆمبێل هەیە، واتە هەر سێ کەسێک ئوتۆمبێلێکی بەردەکەوێت، لە کاتێکدا بەپێی ستانداردی جیهانی دەبێت هەر حەوت کەسێک و یەک ئۆتۆمبێلی بەربکەوێت.

رووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیان لەدەستدان و برینداربوون یان کەمئەندامبوون دادەنرێت لە هەرێم، کە بەشێکی پەیوەندی بە خراپی رێگاوبان و کوالێتی رێگاوبانەکانەوە هەیە و بەشێکیشیان پەیوەندی بە پابەندنەبوونی شۆفێران بە خێرایی دیارکراو و رێنماییەکانی هاتوچۆوە هەیە.

گۆران لوقمان، سلێمانی













گەلەری