سەردێڕ:

پەیامێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە: داعش درۆنی هەیە

PM:08:07:04/12/2021

26296 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆک ئەرکان لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، لەسەر کەمتەرخەمی لە سەنگەرەکان لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک فەرماندە لەکارلابراون، دەشڵێت، "داعش ئێستا چەکی پێشکەوتی هەیە تەنانەت درۆنیشی هەیە."


قارەمان کەمال جێگری سەرۆک ئەرکان لە وەزارەتی پێشمەرگە لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، داعش کۆتایی پێ نەهاتووە و ئێستا بەهێزن و لەو ناوچانە جموجۆڵ دەکەن کە بۆشایی ئەمنی تێدایە، دەشڵێت، "هەتا بۆشایی ئەمنی هەبێت مەترسی بۆ سەر سەنگەرەکانی بەردەوامی دەبێت."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێشتر بە فەرماندەکانمان وتووە کە داعش هێرش دەکات و کەمتەرخەمی هەبوو لە فەرماندەکانی سەنگەرەکان کە نەتوانرا ئاگاداری جموجوڵەکانی داعش بن."

راشیگەیاندووە، لەسەر کەمتەرخەمی لە سەنگەرەکان لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک فەرماندە لەکارلابراون، وتووشییەتی، "بودجەی جموجوڵی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە بڕاوە بۆیە ناتوانین سەنگەرەکان چاک بکەین."

دەشڵێت، "داعش هاوکاری ماددی دەکرێت ئەگینا ناتوانێت ئەم هەموو چەک و کەرەستە سەربازییانەی هەبێت و لە ناو سەنگەری سوپای عێراقەوە دێنە ناو سەنگەرەکانی پێشمەرگەوە."

قارەمان کەمال ئەوەشی وت، "هێزی عێراق بیەوێت ئۆپراسیۆن ئەنجام بدات سێ رۆژ پێش ئەوە داعش دەزانێت، ناوچەکە چۆڵ دەکەن و دواتر دێنەوە."

باسی لەوەشکردووە، "عێراق هاوکاری پێویستی وەزارەتی پێشمەرگە ناکات و ئەو تەقەمەنی و کەرەستە سەربازیییانەی عێراق بۆمان دەنێرێت بەشی فەوجێک ناکات."

روونیشیکردەوە، "پێداویستییە سەربازییەکانی پێشمەرگە سنوردارە و گرفتی بۆ دروست کردوین"، دەشڵێت، "چوار مانگ پێش ئێستا داوای چەک و تەقەمەنیمان کردووە لە سەرۆکایەتی هەرێم."

جێگری سەرۆک ئەرکان ئەوەشی خستووەتەڕوو، "داوای درۆنمان کردووە سوپای عێراق رێگرە لەبەردەم دابینکردنی."

 

 

بۆ بینینی تەواوی بەرنامەکە کلیک بکە

 


ئەمەش لەکاتێکدایە، شەوی ٢ی ئەم مانگە، چەکدارانی داعش ھێرشیانکردە سەر گوندی خدرجیجە لە بناری قەرەچوغ، لە ئەنجامدا ١٣ پێشمەرگە و ھاوڵاتی شەھید بوون و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

ئەمڕۆش، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە رێکكەوتن لەسەر كاری هەواڵگری و زیادكردنی هاوكارییەكان لە نێوان هێزەكانیاندا، هاوکات، وەزارەتی پێشمەرگە وتی، "لە بەیانییەوە پلان دادەنرێت تاوەکو ئۆپراسیۆنی هاوبەش دژی داعش ئەنجام بدرێت."













گەلەری