سەردێڕ:

دوو بڕیار لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمەوە

PM:06:58:04/12/2021

81216 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، بۆ رێزگرتن لە رۆحی ئەو پێشمەرگە و هاوڵاتییانەی کە شەهید بوون لە سنووری گەرمیان و قەرەچوغ، سبەی یەکشەممە پێش وانەی یەکەم لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی لە هەرێم، خولەکێک وەک رێزلێنان لەگیانی پاکی شەهیدان رادەوەستن.


وەزارەتی پەروەردەی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "سبەی یەکشەممە، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی خولەکێک رادەوەستین وەک رێزلێنان لەگیانی پاکی شەهیدانمان و ئەوانەی لە سنووری گەرمیان و قەرەچوغ شەهید بوون کە قوتابییەکیشیان تێدایە."

شەوی ٢ ئەم مانگە چەکدارانی داعش لە چیای قەرەچۆغەوە هاتوونەتە خوارەوە بۆ ناو گوندی خدرجیجە بۆ هێرشکردنە سەریان، خەڵکەکەش بۆ بەرگری کردن لە خۆیان روبەڕویان بوونەتەوە.

لە ئەنجامدا، سێ هاوڵاتى کە بران شەهید بوون، یەکێکیان تەمەنی ١٠ تەنها ساڵ بووە و فیشەکى بۆ براکانى بردووە کەسێکى دیکەى ئەم خانەوادەیەش بریندابووە، جگە لەمانەش لەکاتى بەدەمەوەچونى هێزێکى پێشمەرگەدا بۆ گوندەکە ١٠ پێشمەرگە شەهید بوون.

لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە، "بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی هەولێر رادەسپێرین کە یەکێک لە قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەی مەخمور بکەن بەناوی قوتابخانەی "بارزان ئیسماعیل."

لە ئەنجامی پەلامارەکەی چەند رۆژی رابردووی داعش بۆ سەر گوندی خدر جیجەی سنووری قەرەچوغ، خوێندکارێکی تەمەن ١٠ ساڵ، کە لە پۆلی چوارەمی بنەڕەتی بوو، شەهید بوو.

گروپی چەکداری داعش لە ساڵی ٢٠١٤ توانییان دەست بەسەر رووبەرێکی فراوان لە خاکی سوریا و عێراقدا بگرن، دواتر بە ھاوکاری ئەمریکا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە ساڵی ٢٠١٧ حکومەتی عێراق شکستپێھێنانی گروپەکەی لە خاکی عێراق راگەیاند.













گەلەری