سەردێڕ:

بڕیارێک لە وەزارەتی پێشمەرگە و ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراقەوە

PM:06:27:04/12/2021

7376 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە رێکكەوتن لەسەر كاری هەواڵگری و زیادكردنی هاوكارییەكان لە نێوان هێزەكانیاندا، هاوکات، وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، "لە بەیانییەوە پلان دادەنرێت تاوەکو ئۆپراسیۆنی هاوبەش دژی داعش ئەنجام بدرێت."


فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق راگەیەنراوێكی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی وەزارەتی پێشمەرگە رێکكەوتن لەسەر كاری هەواڵگری و زیادكردنی هاوكارییەكان لە نێوان هێزەكانی هەردوولا کراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە پرسی سەربازی و ئەمنی گفتوگۆی لەبارەوە كرا و یەكخستنی هەوڵەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش تاوتوێكرا."

هاوکات، جەبار یاوەر ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کۆبوونەوەکە بۆ ئەوەبووە کاری هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق زیاتر بکرێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق بیروڕای خۆیان لەسەر چۆنییەتی هەماهەنگی کردنی یەکتری لە مەیداندا خستەڕوو.

جەبار یاوەر وتووشییەتی، لە بەیانییەوە لەلایەن فەرماندە مەیدانییەکانەوە پلان دادەنرێت تاوەکو ئۆپراسیۆنی هاوبەش دژی داعش و هەماهەنگی لە کاری هەواڵگریدا ئەنجام بدرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، شەوی ٢ی ئەم مانگە، چەکدارانی داعش ھێرشیانکردە سەر گوندی خدرجیجە لە بناری قەرەچوغ، لە ئەنجامدا ١٣ پێشمەرگە و ھاوڵاتی شەھید بوون و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

بڕیار جاف، گەرمیان













گەلەری