سەردێڕ:

جێگری سەرۆکی هەرێم: دەبێت پێشمەرگە شێوازی روبەڕوبوونەوەی بەرامبەر داعش بگۆڕێت

PM:05:40:04/12/2021

4344 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی هەرێم رایگەیاند، لە ئێستادا گروپی چەکداری داعش شێوازی هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر پێشـمەرگە گۆڕیوە و پێویستە "هێزەکانی پێشمەرگەش شێوازی روبەڕوبوونەوەی بگۆڕێت."


جەعفەر مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ میدیاکانی پارتی ئاماژەی بەوەکردووە، شێوازی ئەمجارەی هێرشەکانی گروپی چەکداری داعش پارتیزانییە و لەپێناوی کوشتن و بریندارکردنی زۆرترین کەسدا هێرشدەکەن، "نەک لەپێناوی گرتنی روبەرێکی دیاریکراوی جوگرافی."

باسی لەوەشکردووە، "لە بەرامبەر ئەم شێوازە نوێیەی هێرشکردنی داعشدا ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە پێویستمان بە مەشقپێکردن و پڕچەککردن و چاککردنی سەنگەرەکانی پێشمەرگە هەیە، بەجۆرێک راهێنانیان پێبكرێت چۆن روبەڕوی ئەمجۆرە شەڕە ببنەوە کە ئەمڕۆ داعش دەیکات."

جەعفەر مستەفا راشیگەیاندووە، "ئەو هێزانەی داعش لە پشتی سوپای عێراقییەوە دزە دەکەن و دێنە ناوەوە و هێرش دەکەنە سەر پێشمەرگە و دانیشتوانی ناوچەکە و دواتر دەگەڕێنە دواوە."

وتووشییەتی، "پێویستمان بە هه‌ماهه‌نگییه‌كی تەواوە لەگەڵ سوپای عێراقی تا بتوانین بە هێزی هاوبەش ئەو بۆشاییە ئەمنییه‌ پڕبکەینەوە."

ئەمەش لەکاتێکدایە، شەوی ٢ی ئەم مانگە، چەکدارانی داعش ھێرشیانکردە سەر گوندی خدرجیجە لە بناری قەرەچوغ، لە ئەنجامدا ١٣ پێشمەرگە و ھاوڵاتی شەھید بوون و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

لەبارەی هێرشەکەوە، غازی فەیسەڵ فەرماندەی سەربازیی پێشمەرگە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "ماوەی چەند ساڵێکە چەکدارانی داعش لە سنوری قەرەچوغدا خۆیان کۆدەکەنەوە و ناو بە ناویش ھێرشدەکەنە سەر ھێزە سەربازییەکان و ھاوڵاتییانیش."

ئاماژەی بەوەشکرد، "ھۆکاری دووبارەبوونەوەی ئەم ھێرشانە بۆ کەمتەرخەمی ھەردوو حکومەتی ھەرێم و عێراق دەگەڕێتەوە."

لە شەوی ٢٧ی مانگی رابردوو، لە ناحیەی کوڵەجۆی گەرمیان داعش ھێرشیکردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە و لەکاتێکدا یارمەتی بۆ ھێزەکان رۆشتبوو بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و پێنج پێشمەرگە شەھید بوون و چوار پێشمەرگەش بریندار بوون.

لە ٢٩ی مانگی رابردووشدا، لە سنووری کفری لەلایەن چەکدارانی داعش ھێرشکرایە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە و لە ئەنجامی ھێرشەکەشدا دوو پێشمەرگە شەھید بوون و سێ پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.

گروپی چەکداری داعش لە ساڵی ٢٠١٤ توانییان دەست بەسەر رووبەرێکی فراوان لە خاکی سوریا و عێراقدا بگرن، دواتر بە ھاوکاری ئەمریکا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە ساڵی ٢٠١٧ حکومەتی عێراق شکستپێھێنانی گروپەکەی لە خاکی عێراق راگەیاند.













گەلەری