سەردێڕ:

چۆن کۆتایی بە لێبڕینی موچە ھات؟

PM:09:02:25/07/2021

10044 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لابردنی دزینی موچە نەدەسکەوتە نەمژدەی گێڕانەوەی ماف و هەڵگرتنی ستەمێکە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتوو لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوەداوە، لابردنی دزینی موچە نەدەسکەوتە نەمژدە گێڕانەوەی ماف وهەڵگرتنی ستەمێکە و چوار هۆکار لەپشت هەڵگرتنی لێبڕینی مووچەوەیە.

لە درێژەی راگەیەنراوەکەیدا ئاماژە بە هۆکارەکانی کۆتایی پێهێنانی موچەدەکات و دەڵێت، هیچ پاساوێک نەماوە بۆلێبڕین بەهۆی ناردنی دووسەدملیاری بەغداد و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وزیادبوونی داهاتی ناوخۆ.

دەشڵێت، بۆپێدانی رەوایەتی بەڕووداوەکانی سلێمانی و لەبیربردنەوەی ئەو دۆخەو بڵێن ئەوە شوێنەواروقازانجی بۆخەڵک دەرکەوت.

لە درێژەی راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بە نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدەکات و بە یەکێک لە هۆکارەکانی کۆتایی پێهێنانی لێبڕینی موچەی دەزانێت.

کۆتا هۆکار کە ئاشکرای کردووە کە گوشاری پارتی بووە، بەوەی یەکێتی چەندی ببڕیایە لەداهات پارتیش ئەوەندەی دەبڕی.

لە کۆتایشدا دەڵێت، دەسەڵاتی نابەرپرسیار و کۆیلەی دەربار، داهاتی میلەت وموچەیەک بەیاسا ڕێکخراوە بەدەسکەوت ومژدە دەیفرۆشنەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم هەموو جارێک و لە کاتی نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن بڕیاری جیاجیا دەدەن و پێشتریش ساڵی ٢٠١٨ هەمان کارییانکرد و دوو مانگ پێش هەڵبژاردن موچەیان چاککرد.

ئەمڕۆش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەردەوامی دابەشکردنى موچە بەبێ لێبڕین بەندە بە پابەندبوونى حکومەتى عێراق بە بەڵێنەکانیەوە کە خۆی دەبینێتەوە لە دابینکردنی ئەو بڕە بودجەیەى بۆ هەرێمی دەنێرێت.

بڕیاری لێبڕینی موچە لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ لەلایەن کابینەی نۆیەمەوە درا و لەپاش یەک ساڵ و یەک مانگ و چوار رۆژ بڕیاری لێبڕینی موچە هەڵوەشایەوە.

چەند مانگێک پێش ئێستا و سەرەتای ئەمساڵ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پۆستێکدا رایگەیاندبوو، کە ئیتر هەڵبژاردن نزیکە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن هەموو مانگێک موچە دەدرێت و پاشەکەوت لادەبرێت.

وەک ئاماژەیەک بۆ ئەم بڕیارانەی دەسەڵات کە بەردەوام پێش هەڵبژاردن کە بە وتەی سەرۆکی نەوەی نوێ، دەسەڵات بیری هاوڵاتییانی دەکەوێتەوە و دوای هەڵبژاردنیش خەڵکیان لەبیر دەچێتەوە.







گەلەری