سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەسەر لێبڕینی موچەی مانگەکانی داهاتوو ئاشکرا کرا

PM:08:27:25/07/2021

34768 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێم رایگەیاندووە، حکومەت داهاتی پێویستی لەبەردەستدایە و دەشڵێت، ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرەوە بڕوات لە مانگەکانی داهاتووشدا لێبڕینی موچە نامێنێت.


دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "بۆیە لێبڕینی موچە نەما چونکە ئێستا داهات لە بەردەستی حکومەتدا هەیە و ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرەوە بڕوات لە مانگەکانی داهاتووشدا لێبڕینی موچە نامێنێت."

باسی لەوەشکرد، بڕیاری لێبڕینی موچە بڕیاری حکومەت خۆیەتی.

لەبارەی دۆخی رێگا و بانەکانەوە ئاماژەی بەوەکرد، دروستکردنی سەرجەم رێگا دووسایدەکان کاری تێدا دەکرێت و دەشڵێت، "هەنگاوی باشمان بڕیووە بۆ دروستکردنی هێڵی شەمەندەنەفەر، لە چەند رۆژی داهاتوودا تیمێکی ئەڵمانی دێتە هەرێم بۆ دیزاینکردنی هێڵێ شەمەندەنەفەر."

راشیگەیاند، "دووچاری بارودۆخی نەخوازراو نەبینەوە هێڵی شەمەندنەفەر لە هەرێم دەبینین و بە درێژای ٦٢٠ کیلۆمەتر لە زاخۆوە تاوەکو دەگاتە پەروێزخان هێڵی شەمەندەنەفەر دروستدەکرێت."

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بڕیاریانداوە لێبڕینی موچە کۆتایی پێبهێنن و سبەینێ یەکەم وەزارەت بەبێ لێبڕین موچە وەردەگرێت.

نزیکەی ساڵێک دەبێت فەرمانبەرانی هەرێم بە لێبڕینی ٪٢١ـەوە موچە وەردەگرن و لە ساڵی ٢٠١٤شەوە موچەی فەرمانبەران یان نەدراوە یان بە لێبڕینەوە دراوە، یانیش بۆیان پاشەکەوت کراوە، کە روون نییە حکومەت ئایا پاشەکەوتەکە دەداتەوە بە فەرمانبەران یان نا.













گەلەری