PM:07:40:03/12/2021
6376 جار خوێندراوەتەوە
پۆلیسی پاسەوانی سنوری پۆڵەندا رایگەیاندووە، ژنێکی عێراقی لە سنوری پۆڵەندادا منداڵی بووە و دۆخی تەندروستی جێگیرە، هاوکات، دەستگیرکردنی شۆفێرێكی تورکیشی راگەیاند، کە نۆ كۆچبەری عێراقی لە پاسەکەیدا حەشار دابوو.
ئەفسەرانی بازگەیەکی هاوبەشی پۆڵەندا-ئەڵمانیا لەناوچەی لوگویدسدۆرف دەستگیرکردنی شۆفێری پاسێکیان راگەیاند؛ کە تەمەنی ٣٧ ساڵ بووە و هاوڵاتییەکی بە رەگەز تورک بووە و هەوڵیداوە لە رێگەی کارگۆی فڕۆکەخانەوە نۆ هاوڵاتی عێراقی بگوازێتەوە ناو خاکی یەکێتی ئەوروپا.
هاوکات بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی پاسەوانی سنوری
پۆڵەندا، کاتێک داوای ناسنامەکراوە لە نۆ کەسەکە هیچ ناسنامەیەکیان پێ نەبووە و
باسیان لەوەکردووە خەڵکی عێراقن و تەمەنیان لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵدا بووە و باسیان
لەوەشکردووە کە هاوڵاتییە تورکەکە بە تۆمەتی قاچاغچێتی رووبەڕووی سزا دەبێتەوە.
لە هەمان کاتدا لە تویتێکدا پۆلیسی سنوری پۆڵەندا باسی لەوەکردووە،
ژنێکی عێراقییان رزگار کردووە؛ لە دارستانەکاندا بووە و هەر لەوێ منداڵی بووە و دەڵێن،
"هاوکاریمان کردووە و گواستومانەتەوە بۆ نەخۆشخانە سەرەڕای ئەوەی بەشێوەی نایاسایی
سنورەکانی بەزاندووە" و باسی لەوەش کردووە، لە ئێستادا دۆخی دایکەکە و منداڵەکەش
باشە.