سەردێڕ:

دژەتیرۆری کوردستان دەستگیرکردنی یەکێک لە پلانداڕێژەرانی تەقینەوەکەی بەغدای راگەیاند

PM:07:59:25/07/2021

4640 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان سەربە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی داواکراوێکی راگەیاند کە پەیوەندی لەگەڵ ئەو گرووپەدا هەبووە کە پلانداڕێژەری تەقینەوەکەی شاری سەدر رۆژهەڵاتی بەغدا پایتەختی عێراق بوون.


بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان، دویا بەدواداچوون توانیویانە کەسی داواکراو بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن و دەرکەوتووە کە ناوى تەواوى بریتییە لە (ح. ی. ع. ح.) کە خەڵکى حەویجەیە و ئێستا دانیشتووی کەمپی (حەسەن شام)ـە.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە لەسەر فەرمانی دادوەر، گومانلێکراوەکە رادەستی دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی فیدراڵی دەکرێتەوە.

رۆژی دووشەممە ١٩ی تەمموزی ٢٠٢١ و لە رۆژی عارفەدا، تەقینەوەیەکی خۆکوژی بازاڕی وەحێلاتی لە شاری سەدر رۆژھەڵاتی بەغدا کردە ئامانج و لە ئاکامدا، ٣٠ کەس کوژران و ٥٠ی دیکەیش برینداربوون.

دواتریش گروپی چەکداری داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکە راگەیاند و مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لە رۆژی ٢١ی تەمموزدا دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە تێوەگلاوبوون لە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ناوچەی سەدر رۆژھەڵاتی بەغدا راگەیاند.













گەلەری