سەردێڕ:

ژمارەیەک کۆچبەر کە کەوتبوونە ناو دەریاوە بە مەلە چوونەتە کەناراوەکانی ئەنتاڵیا

PM:05:36:03/12/2021

8544 جار خوێندراوەتەوە

لە شارۆچکەی ماناڤگاتی سەر بە پارێزگای ئانتاڵیا، ١٣ کۆچبەر کە پێشتر لە بەلەمێکدابوون و کەوتبوونە ناو دەریاوە، بە مەلە خۆیان گەیاندووەتە کەناراوەکان و دوو کۆچبەریشیان تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن.


بەپێی میدیاکانی تورکیا، ئەو کۆچبەرانە سورین و دوای ئەوەی لە دەریاکە چوونەتە دەرەوە پەیوەندییان بە فریاکەتنی خێراوە کردووە و چوار کەسیشیان بەھۆی ناجێگیری باری تەندروستیانەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

میدیاکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە ئێستاشدا دوو کۆچبەریان بێسەروشوێنن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە کە تەمەنیان لە نێوان ١٦ بۆ ١٧ ساڵدایە.

یەکێک لە شایەتحاڵەکانی رووداوەکە کە ناوی حسێن کەچەر بووە لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاندووە، "لەگەڵ ھاوسەرەکەم لە بالکۆنەکە دانیشتبووین کە سێ کۆچبەری سوری ھاتن و داوای ناونیشانی شوێنەکەیان کرد، کاتێک لە ھۆکارەکەیمان پرسی، وتیان کەوتوونەتە دەریاوە، ئێستاش پەیوەندییان بە فریاکەوتنی خێراوە کردووە و دەیانەوێت ناونیشانەکەیان بدەنێ."

ئەو شایاتحاڵە دەڵێت، "لێیانم پرسی کە چۆن کەوتوونەتە دەریاوە بەڵام زمانی تورکییان بەباشی نەدەزانی ھەر ئەوەندەیان وت؛ لەناو بەلەمەکەدا کەسانێک چەکیان خستووەتە سەریان و لە بەلەمەکەوە فڕێیانداونەتە ناو دەریاکەوە، یەکێکیشیان وتی براکەی و ھاوڕێکەی بێسەروشوێنن".













گەلەری