سەردێڕ:

مالیکی: دەبێت حکومەتی نوێ داواکارییەکانی گەلی عێراق بەدیبهێنێت

AM:10:36:03/12/2021

4136 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، "پێویستە پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەتی کۆدەنگی نوێی عێراق، کە بتوانێت تەواوی داواکارییەکانی گەلی عێراق بۆ خزمەتگوزاریی و هەلی کار بەدیبهێنێت."


نوسینگەی نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، جەختدەکەنەوە لە یەکگرتنی تەواوی هەوڵەکان و هەماهەنگی کۆی هێزە سیاسییەکان لە ناو پەرلەمان لەپێناو تێپەڕاندنی قەیرانەکان.

نوری مالیکی بە ئەندامانی نوێی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "تا دەتوانن کاربکەن و تیبکۆشن، پابەندبن بە بنەما نیشتیمانییەکانەوە، پەیوەندیتان لەگەڵ هاوڵاتیاندا هەبێت، ئەو یاسایانەش پێشنیاز بکەن، کە داواکاریی و پێویستی عێراقییەکان بۆ خزمەتگوزاریی دەهێنێتەدی."

دوێنێ، هەریەکە لە موقتەدا سەدر و لایەنە شیعییەکان لە ماڵی هادی عامری کۆبوونەوە و بەگوێرەی زانیارییەکان، رێککەوتن کراوە لە نێوان لایەنە بەشداربووەکاندا بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش تاوەکو ببێتە کارنامەی حکومەتی داهاتوو و بنەمایەکیش بێت بۆ پێشکەشکردنی بۆ هاوبەشە سیاسییەکانی دیکە.

لە مانگی ١٠ی ئەمساڵدا، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو و تیایدا بۆ یەکەمجار نەتەوەیەکگرتووەکان چاودێری هەڵبژاردنەکانی کرد، لە چەند رۆژی رابردووشدا کۆتا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە دوای تانەکان و پێداچوونەوەکان راگەیەنرا.













گەلەری