سەردێڕ:

بەهۆی دابەزینی بەهای لیرەوە وەزیری دارایی تورکیا دەستی لەکارکێشایەوە

PM:12:49:02/12/2021

5368 جار خوێندراوەتەوە

لەدوای ئەوەی لیرەی تورکی نزمترین ئاستی مێژووی خۆی تۆمارکرد و داڕمانی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بەمەبەستی روبەروبوونەوەی داڕمانی دراوی وڵاتەکەی وەزیری دارایی گۆڕی.


شەوی چوارشەممە نورەدین نەبتی جێگری وەزیری دارایی حکومەتی تورکیا لە تویتەر رایگەیاند، لوتفی ئیلفان وەزیری دارایی دەست لەکار کێشانەوەی پێشکەش کردووە و لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە قبوڵکراوە و لە جێگەی ئەو وەک وەزیر دەستبەکار بووە.

ئەمەش لەدوای ئەوە دێت لوتفی ئیفان لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ دا وەک وەزیری دارایی تورکیا دەستنیشانکرا لەلایەن ئەردۆغانەوە، بەڵام لەماوەی ئەم ساڵەی کارکردنیدا وڵاتەکەی بە کۆمەڵێک قەیرانی داراییدا تێپەڕبوو هەر بۆیە ئاستەنگێکی زۆر بۆ کاری وەزارەتەکە دروست بووە.

لە ئێستادا لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلار لە نزمترین ئاستدایە و ١٣٣٩ لیرە هاوتایی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکییە، بەهۆی ئەوەی ئەردۆغان دوبارەی کردەوە کە پشتگیری ئابوری سەربەخۆ و کەمکردنەوەی نرخی سوودەکان دەکات سەرەڕای ئەوەی رێژەی هەڵئاوسانی ئابوری نزیکی ٢٠٪ی بووەتەوە.

لە ئێستادا ئەردۆغان چاودێری یاریکردن بە بەهای لیرەی وڵاتەکەیەوە دەکات و رێنمایی دەرکردووە بۆ ئەنجومەنی چاودێری بەمەبەستی وردبینی کردنی هەر دامەزراوەیەک کە بڕێکی زیاد لە پێویست دراوی بیانییان کڕیبێت و بووبێتە هۆی یاریکردن بە بەهای لیرەی تورکییەوە.













گەلەری