كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، رێكاری نوێی بۆ رێكخستنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق دەرکرد، كه بڕیاره ١١ـی ئه‌م مانگه ئه‌نجام بدرێت، ئامانج له‌م رێكارانه زیادکردنی متمانەیە بەم هەڵبژاردنە و ده‌سته‌به‌ركردنی یه‌كپارچه‌یی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه.
ئەمڕۆ دووشەممە ٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، خالید عه‌باس به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی كۆمسیۆن له پارێزگای دهۆك رایگه‌یاند، له گرنگترین ئه‌و هه‌موارانه‌ی ئه‌مساڵ په‌سه‌ندكراون، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌كارهێنانی ره‌نگی په‌نجه‌یه كه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردودا له‌سه‌ر په‌نجه‌ی ده‌نگده‌ران دانرابوو.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كۆمسیۆن سه‌رجه‌م
قه‌واره سیاسییه به‌شداربووه‌كان و لایه‌نه سیاسییه‌كانی ئاگاداركردووه‌ته‌وه كه
ئامێره ئه‌لیكترۆنییه‌كان و كارتی ده‌نگده‌رانی بایۆمه‌تری به‌سه بۆ گه‌ره‌نتیكردنی
پرۆسه‌یه‌كی ورد و بێ ساخته‌كاریی ده‌نگدان.
دەشڵێت، كۆمسیۆن رێوشوێنی گرتۆته‌به‌ر بۆ
ئاسانكردنی پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌نجه‌مۆریان له‌لایه‌ن ئامێره‌كانه‌وه
ناناسرێته‌وه، به‌و پێیه‌ی بنكه‌كانی ده‌نگدان كامێرای تایبه‌تی ناسینه‌وه‌ی ده‌موچاویان
بۆ دانراوه، ئه‌مه‌ش واده‌كات ئه‌و ده‌نگده‌رانه به ئاسانی و به سه‌لامه‌تی ده‌نگه‌كانیان
بده‌ن.
هاوكات، قه‌یس محه‌مه‌داوی، جێگری فه‌رمانده‌ی
ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان و سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایشی هه‌ڵبژاردنه‌كان وتی، له ماوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و داخستنی
رێگاوبانه‌كان نابێت، ته‌نها له‌كاتی پێویست نه‌بێت.
هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق له ١١ـی
تشرینی دووەم به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له كۆی ٤٦ ملیۆن هاوڵاتی، نزیکەی ٣٠ ملیۆنیان مافی ده‌نگدانیان هه‌یه.