ھەسارۆکەیەک، کە لە قەبارەی ئاسایی ھەسارۆکەکان گەورەترە، ئەگەری ھەیە ھەفتەی داھاتوو لە نزیک خولگەی زەوی تێپەڕێت و ئەگەری ھەیە مەترسیداربێت.
بەگوێرەی نوێترین توێژینەوەی زانستی کە ماڵپەڕی سینس ئەلێرت بڵاویکردووەتەوە، ئەگەری ھەیە لە رێکەوتی ١١ی ئەم مانگە لە ھەفتەی داھاتوو ھەسارۆکەیەک بە خولگەی زەویدا تێپەڕێت.
ھەسارۆکەکە ناوی "نیرس4660"ەو و بەشێوەیەکی رێژەیی بەلای زەویدا تێپەڕدەبێت و تیرەکەی ٣٣٠ مەترە.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، ھەسارۆکەکە لە نزیک خولگەی زەویدا تێپەڕدەبێت لە دوریی سێ ملیۆن و ٩٣٠ ھەزار کیلۆمەتر، بەمەش ١٠ ھێندەی دووری مانگ لە زەوییەوە دووردەبێت و بەئەمەش بەشێوەیەکی رێژەیی زەوی پارێزراودەبێت.
بەگوێرەی قەبارەکەیی و دوورییەکەی لە زەوی ھەسارۆکەی "نیرس4660" وەک تەنێک پۆلینکراوە کە "ئەگەری ھەیە مەترسیداربێت" بۆ سەر زەوی.
ھەسارۆکەکە بۆ یەکەم جار لەساڵی ١٩٨٢ دۆزرایەوە، جیاوازییەکەشی ئەوەنیە کەمەترسیدارە، بەڵکو بەشێوەی ناوبەناو بە نزیک زەویدا تێپەڕدەبێت.
بەگوێرەی ماڵپەڕی سینس ئەلێرت خولگەی ھەسارۆکەکە بەدەوری خۆردا ١.٨٢ ساڵە و ھەر ١٠ ساڵێک لە زەوی نزیک دەبێتەوە و ساڵی ٢٠٦٠ جارێکی دیکە بە دوری یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار کیلۆمەتر، کەدەکاتە زیاتر لە سێ ھێندەی دووری مانگ لە زەوی، لە زەوی نزیک دەبێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوو گۆڤاری نەیچەری زانستی بڵاویکردەوە، ئاژانسی ناسای ئەمریکا پلانی داناوە وەک تاقیکردنەوەی ئەگەری گۆڕینی رێڕەوی ئەو ھەسارۆکانەی ھەڕەشەن بۆ سەر زەوی، موشەکێک ئاراستەی ھەسارۆکەی "دیمۆرفۆس" بکات، ئەمەش بەھۆکاری ئەوەیە کە بەردەوام ژمارەیەک ھەسارۆکە لە زەوی نزیک دەبنەوە و ئەم ھەنگاوەی ناساش بە ئامانجی ئامادەباشییە بۆ روودانی ھەر ئەگەرێکی چاوەڕواننەکراو.